"مایكرۆسۆفت"ی ژاپۆن دەوامی لە هەفتەیەكدا كرد بە چوار رۆژ، بەرهەمی 40% بەرزبوەوە

04/11/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
كۆمپانیای "مایكرۆسۆفت" بۆ پرۆگرامین لە ژاپۆن رایگەیاند، ئەزمونی كەمكردنەوەی كاركردن لە هەفتەیەكدا بۆ چوار رۆژ لەنێو كۆمپانیاكەدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و بەرهەمهێنان و فرۆشیش پێكەوە زیادیان كردوە.
ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ" بڵاویكردەوە، دەستپێشخەری "ئاڵنكاری بژاردەی كار و ژیان لە هاوینی 2019"دا، كە كۆمپانیاكە جێبەجێیكردوە، چوار رۆژ لە هەفتەیەكدا دەوامی تەواوەتی گرتوەتەوە و رۆژانی هەینی و شەممە و یەكشەممەی لە مانگی ئابدا كردوەتە پشو، لە ئەنجامیشدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و فرۆش 40% زیادیكردوە.
هەروەها لەو ماوەیەدا زۆرترین كاتی كۆبونەوەی بۆ 30 خولەك كەمكردوەتەوە و هانی كارمەندانیشی داوە لەبری دیالۆگی راستەوخۆ، لەڕێی ماسنجەر و چاتەوە قسە بكەن.
لەوبارەیەوە كۆمپانیاكە بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، كە 92%ی كارمەندەكانی بەشدار لە ئەزمونەكەدا، رازی بونیان لە بیرۆكەی چوار رۆژ كاركردن لە هەفتەیەكدا دەربڕیوە و پێیان باش بوە.
بەشێوەیەكی گشتی ژاپۆن كاردەكات بۆ كەمكردنەوەی سەعاتەكانی كاركردنی دورودرێژ، لەكاتێكدا دەستی كاری كەمە و تەمەنی هاووڵاتیانیش بەرەو هەڵكشان دەچێت. بۆیە حكومەت دەیەوێت هانی كۆمپانیاكان بدات نەرمی زیاتر لە كاتی كاركردندا بنوێنن و سەعاتەكان كەمبكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group