رۆمانی نیشتمانی سارا بڵاودەكرێتەوە

06/11/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
رۆمانی نیشتمانی سارا، بەواتایەكی تر نیشتمانی دایك دەگەیەنێت، مێژووی كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانییە، كە پێمان دەڵێت دین رەگەزنامە نییە.

 لەم سەردەمەدا رۆمانێكی مێژوویی وەكو نیشتمانی سارا خوێندنەوەی گرنگە، بەتایبەتی بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو، لەبەرئەوەی بزانن پێش ئەوان كێ لە كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانیدا ژیاوە و چۆن بیریان كردۆتەوە و چۆن هەڵسوكەوتیان لەگەڵ یەكتردا كردووە.
میران ئەبراهام نوسەری رۆمانی "نیشتمانی سارا" دەڵێت "من وەكو نوسەرێك باوەڕم بەوە هەیە كە رۆمانێك دەتوانێت كولتوور و زمانی نەتەوەیەك نەك هەر دەوڵەمەند بكات، بەڵكو رێكیشی بخات، بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد، چونكە دابڕانێكی مەترسیدار لەنێوان كەمە نەتەوایە‌تییەكاندا هەیە، كە لە رابردودا زۆر لە ئێستا باشتربوە، كە لەم ڕۆمانەدا كەسایەتییەكانی ئەوسا بە دەنگی خۆیان دەماندوێنن و چیرۆكی خۆیانمان بۆ ئەگێڕنەوە، جیاواز لەو كتێبانەی كە مێژوویین، نیشتمانی سارا رۆمانە و دیمەن و كەسایەتییەكان رەنگ كراون، رۆحیان تێدایە".
چی رویداوە لە رابردوی شاری سلێمانیدا، كاتێك جووەكان ناچاركران لەم شارە بڕۆن، دەڕابەی دوكانی خومچییەكان بۆ ئەبەد دادرانەوە و رەنگی خومە گیراوەكان لەناو مەنجەڵە مسەكاندا لەودیو دەڕابە داخراوەكانەوە وشك بونەوە و بۆ هەتا هەتایە نوسان بە بنی مەنجەڵەكانەوە و تێكەڵاوی ژەنگی مس و ئاسنەكان بوون، چاڵ و گۆزە گڵینەكانی ناو حەوشەی ماڵی مۆردەخای لەسەر شیوەكەی جولەكان، لەلایەن درواسێكانیانەوە تێك و پێك شكێنران، سندوقی ترێ بەتاڵەكان ئیدی سەفەری رەزەكانیان نەكرد و خاوەن ماڵی نوێ وردی كردن و كردنی بە قوڕگی زۆپا دارینەكەیدا، تاكو چەند ساڵێكیش دوای ڕۆیشتنی ماڵی مۆردەخای، موشتەرییەكان تاقوتەرا دەهاتن و لەدەرگایان ئەداو لەژێر لێوەوە و زۆر شەرمنانە ئەیان پرسی، 'ئەرێ عەیب نەبێت شەرابمان هەیە؟'


نیشتمانی سارا رۆمانی دووەمی نوسەر میران ئەبراهامە و رۆمانی شەوگەڕەكانیش چاپی دووەمی كراوەتەوە و ئەو دوو كتێبە و هەشت كتێبی دیكە، كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 7-11-2019 لە ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە بەئامادەبوونی نوسەر و رۆشنبیران و خوێنەران بڵاودەكرێنەوە و دەبێتە دوا وێستگەی كتێبخانەی ئەندێشە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا بەتەواوەتی دادەخرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group