عیراق.. هەركەس رێگاكان بگرێت دەستگیردەكرێت

07/11/2019 عێراق

نەوا
دوای داخستنی زۆربەی رێگاكانی بەغدای پایتەخت و چەندین رێگاو ناوچەی پارێزگاكانی دیكە، حكومەتی عیراق فەرمانی دەستگیركردنی ئەوانەی دەركردوە، كە دەبنەهۆی پەكخستنی جموجوڵ و داخستنی رێگاكان.
لەو بارەیەوە لیوا روكن عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئاشكرایكرد، فەرمان دەرچوە بۆ جێبەجێكردنی یاساو دەستگیركردنی تێكدەران و ئەوانەی رێگاكان دادەخەن.
ناوبراو پێشتریش رایگەیاندبو، رێگە بە گرتنی پردەكان نادەن، چونكە رێگایەكی زیندوی دانیشتوانن و داواشی لە خۆپیشاندەران كردبوو لە بنكە سەربازیەكان نزیك نەبنەوە.
لەماوەی رابردودا خۆپیشاندانەكانی عیراق توندتربون و گرژی زیاتریان تێكەوت، بەهۆی ئەوەشەوە خۆپیشاندەران داوای یاخیبونی مەدەنی و مانگرتنی سەرتاسەرییان دەكردو بۆ رێگەگرتن لەوەی فەرمانبەران بچنە سەركار، زۆرینەی شەقام و رێگاكانیان داخست.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group