توركیا یەكەم چەكداری دەستبەسەركراوی داعش رەوانەی ئەمریكا دەكاتەوە

11/11/2019 جیهان

نەوا
وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاند، چەكدارێكی دەستگیركراوی داعشی رەوانەی ئەمریكا كردوەتەوە و رۆژی 14ی ئەم مانگەش 7 چەكداری بەڕەگەز ئەڵمانی رەوانەی بەرلین دەكاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لەزاری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە بڵاویكردوەتەوە، كە ئەمڕۆ بڕیاری ناردنەوەی چەكدارەكانی داعشیان بۆ وڵاتەكانیان دەستپێكردوە و یەكەم دەستبەسەركراویش پاش گرتنەبەری رێككارەكان، رەوانەی ئەمریكا كراوەتەوە.
هەروەها ئاشكرایكردوە، كە رۆژی پێنجشەممەی داهاتو حەوت چەكداری رێكخراوەكە رەوانەی ئەڵمانی دەكرێنەوە.
رۆژی هەینی رابردو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند، هەزار و 201 چەكداری داعش لە گرتوخانەكانی توركیادا دەستبەسەركراون، هەروەها هێزەكانیان 287 توندڕەویان لە ناو سوریادا گرتوە و لە زینداندان.
رۆژی 4ی ئەم مانگەش سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، هەموو ئەو ئەندامانەی داعش كە لەلایەن توركیاوە دەستبەسەركراون، رەوانەی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە تەنانەت ئەگەر رەگەزنامەكانیشیان لەنێو وڵاتەكانیاندا لێسەندرابێتەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group