سەرۆكی پەرلەمانی عیراق: چەند یاسایەك بۆ خزمەتی خەڵك دەردەكەین

14/11/2019 عێراق

نەوا
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پەرلەمان چەند یاسایەك وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران دەردەكات.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق كۆببێتەوە، پێدەچێت لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ یان كۆبونەوەكانی داهاتو دەنگ لەسەر چەند پرۆژەیاسایەك بدات، لەوانە، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان و پرۆژەیاسای بەدەستهێنانی نایاسایی و هەمواری یاسای دەستەی ئەستۆپاكی.
لەوبارەیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندوە، پەرلەمان جەخت لە هەنگاونان بۆ دەركردنی ئەو یاسایانە دەكاتەوە، كە خزمەت بە لایەنی كۆمەڵایەتی و تەندروستی دەكەن و هاوكاردەبن لە چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبوەكانی عیراقدا.
حەلبوسی راشیگەیاندوە، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكانی هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان و پرۆژەیاسای بەدەستهێنانی نایاسایی و هەمواری یاسای دەستەی ئەستۆپاكی كراوە و دراون بە لیژنە تایبەتەكانی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی كارەكانیان و دواتر دەخرێنە دەنگدانەوە.
سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ئاشكراشیكرد، پەرلەمان كار لەسەر هەمواركردنی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group