رۆحانی: ئەمریكا دەیەوێت خۆپیشاندانەكانی عیراق و لوبنان بەلاڕێداببات

14/11/2019 جیهان

نەوا
حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران، ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكانی عیراق و لوبنان و گۆڕینی بۆ شەڕی ناوخۆ.
ئەمڕۆ سەرۆك ئێران لەكاتی بەشداریكردنی لە 33-هەمین كۆنگرەی (یەكێتیی ئیسلامی) وتارێكی پێشكەشكرد و بۆ یەكەمجار باسی لە خۆپیشاندانەكانی عیراق كرد و وتی "ئەمریكا كار بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكانی گەلی عیراق دەكات، كە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانیان چونەتەسەر شەقامەكان، هەروەها لە لوبنانیش دەیەوێت خۆپیشاندانەكان بگۆڕێت بۆ شەڕی ناوخۆ".
حەسەن رۆحانی راشیگەیاند "زیاتر لە 30 ساڵە ئەمریكا و ئیسرائیل بەرپرسن لە جەنگ و خوێنڕشتن لەناوچەكەدا، ئامانجی ئەمریكاش لە ناوچەكەدا كۆنترۆڵكردنی نەوت و تاڵانكردنی سەروەت و سامانی موسڵمانانە، پێشتر بەبیانوی شەڕی تیرۆر لەناوچەكەدا بوو، ئێستا بەڕوونی دەڵێت بۆ نەوت دەمێنینەوە".
سەرۆكی ئێران بەدۆستزانینی ئەمریكا و ئیسرائیلیشی بە هەڵەیەكی ستراتیژی وەسفكرد، كە "هەندێك وڵاتی موسڵمان كەوتونەتە ئەو هەڵەیەوە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group