سیستانی داوادەكات یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە هەموار بكرێتەوە

15/11/2019 عێراق

نەوا
نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق جەختی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان كردەوە و هەرجۆرە دەستوەردانێكی دەرەكیشی لە كاروباری ناوخۆیی عێراق رەتكردەوە.
ئەحمەد ئەلسافی نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق لە وتاری رۆژی هەینیدا رایگەیاند، پێویستە یاسای هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە هەموار بكرێتەوە و گۆڕانكاری لە كۆمسیۆنی هەڵبژادندا بكرێت.
نوێنەری سیستانی جارێكی تر دژایەتی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانی بۆ توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەربڕی و رایگەیاند، پشتگیری داواكاریەكانی خۆپیشاندەران دەكەن و جەختیشیكردەوە، كە خۆپیشاندەران لە پێناو چاكسازیدا رژاونەتە سەر شەقام، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ چاكسازی نەنراوە.
هەروەك ئیدانەی دەستدرێژی بۆ سەر موڵكوماڵی گشتی و توندوتیژیەكانی بەرامبەر بە هێزە ئەمنیەكانیشی كرد.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا نوێنەرەكەی سیستانی ئاماژەی بەوەكرد، عێراقیەكان گەورەترین زیانمەندی یەكەمی ئەو ململانێ دەرەكیەیە كە لە وڵاتەكەدا هەیە، بۆیە هەرجۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆیی عێراق و گۆڕینی وڵاتەكە بۆ گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانێ هەرێم و نێودەوڵەتیەكان رەتدەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group