رێكخراوی نێودەوڵەتیی كەشناسی: ئەم دەیەیە گەرمترینە و 2016ەش لوتكەی گەرما بوە

04/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی دەكات، ئەم دەیەیە گەرمترین دەیەی گۆی زەوی بووبێت لە مێژوودا، پێشبینیش دەكات ئاوارەبوون بەهۆی كاریگەریی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە زیاترببێت.
رێكخراوی نێودەوڵەتیی كەشناسیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆنگرەیەكی لەبارەی لەبارەی گۆڕانی كەشوهەوای زەوی لە مەدرید رێكخست، ئاشكرایكرد، ئەم دەیەیە پلەكانی گەرما ئاستی پێوانەیی تۆماركردووە، بەهۆی كاریگەریی غازە گەرمەكانیشەوە رێژەیەكی زۆری سەهۆڵی جەمسەرەكان تواونەتەوە و ئاستی ئاوی زەریا و دەریاكان بەرزبونەتەوە.
بەپێی پێشبینییەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كەشناسیی، ساڵی 2019 دووەم یان سێیەم گەرمترین ساڵی گۆی زەوی دەبێت لە ساڵی 1850وە، كە دەستكراوە بە تۆماركردنی پلەكانی گەرما، لەكاتێكدا ساڵی 2016 گەرمترین ساڵی زەوی بووە.
رێكخراوەكە ئاشكراشیكردووە، ئەو شەپۆلی گەرما و لافاوانەی لە پێشتردا سەدەی جارێك روویاندەدا، لەئێستادا بەشێوەیەكی خێراتر و رێكخراوتر روودەدەن، ئەمەش بۆتە هۆی زیاتربوونی رێژەی ئاوارەبوون بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە، كە بەوتەی رێكخراوەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆتایی ساڵی 2019 ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە ئاوارەبوون و شوێنەكانیان بەجێهێشتووە، دەگاتە 22 ملیۆن كەس.
رێكخراوی نێودەوڵەتیی كەشناسیی ئاشكراشیكردووە، لە گۆڕانكارییە كەشییەكاندا لافاو هۆكاری سەرەكیی ئاوارەبوونی خەڵكە، دوای ئەویش گەردەلول و بەبیابانبوون دێن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group