نەوا
پاش ماوەیەك لە وەستاندنی، حكومەتی ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان دووبارە لە قەتەر دەستیان بە گفتوگۆ كردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمریكییەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ واشنتۆن دووبارە گفتوگۆكانی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دەستپێكردۆتەوە، كە نزیكەی 3 مانگە بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا راگیرابوو، بەهۆی تێوەگلانی بزوتنەوەكە لە چەند هێرش و تەقینەوەیەك لە ئەفغانستان.
سەرچاوە ئەمریكییەكە ئاشكراشیكردووە، زاڵمای خەلیل زاد نێردەی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان بۆ بەشدارییكردن لە گفتوگۆكان لە قەتەرە، گفتوگۆكانی نێوان هەردوولاش بۆ كەمكردنەوەی گرژی و توندوتیژییەكانە، بەمەبەستی رێگەخۆشكردن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە ئەفغانییەكان خۆیان و گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ.
پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆمانی نێوان وڵاتەكەی و بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستانی راگرتبوو، دواتر بزوتنەوەكە زنجیرەیەك گفتوگۆی لەگەڵ هەریەك لە لایەنی روسی و ئێرانی ئەنجامدا.