كۆریای باكور: چیتر بەرنامە ئەتۆمییەكەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە

08/12/2019 جیهان

نەوا
كۆریای باكور پرسی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەمریكا دەرهێنا، دۆناڵد ترامپ-یش هەر تاقیكردنەوە و هەنگاوێكی تایبەت بە چەكی ئەتۆمی لەلایەن پیۆنگ یانگ-ەوە  بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا وەسفدەكات.
كیم سۆنگ نێردەی كۆریای باكور لە نەتەوە یەكگرتووەكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دەڵێت، ئەو گفتوگۆ جەوهەرییەی ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا هەوڵی بۆدەدات، تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندن و بەدەستهێنانی كاتە بۆ ئامانجە ناوخۆییەكانی، وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا.
نێردەی كۆریای باكور لە نەتەوە یەكگرتووەكان دوپاتیكردەوە، لەئێستادا پێویستیان بە گفتوگۆی درێژخایەن نییە لەگەڵ ئەمریكا، پیۆنگ یانگ-یش دۆسێی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە دانوستانەكانی هەردوولادا دەرهێناوە.
لەیەكەم كاردانەوەشدا، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا وتی، هەر هەڵسوكەوتێكی دوژمنكارانەی پیۆنگ یانگ، بۆ ئەو چاوەڕواننەكراو دەبێت.
ترامپ رایگەیاند "پێم وا نییە سەرۆكی كۆریای باكور بیەوێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بكات، بەو پێیەی هەر هەڵوێستێكی دوژمنكارانە و هەر هەنگاوێك بەئاراستەی بەردەوامیدان بە تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان، هەنگاوە دژی من و بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكان دادەنرێت".
ترامپ زیاتر روونی كردەوە و وتی "كیم جۆن ئون دەزانێت كە من هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییم لەبەردەمدایە، پێم وانییە بیەوێت دەستوەردان لەو هەڵبژاردنە بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group