دەستەی دەستپاكی مانگی رابردو بە بڕی 400 ملیار دینار گەندەڵیی ئاشكراكردوە

08/12/2019 عێراق

نەوا
دەستەی دەستپاكیی عیراق لەمانگی رابردوودا بە بڕی 400 ملیار دینار گەندەڵیی ئاشكراكردووە، كە 25 ملیار دیناریان گەندەڵیی راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكە.
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاكیی عیراق لە بەیاننامەیەكدا كارەكانی دەستەكەی لە مانگی رابردوودا ئاشكراكرد، رایگەیاندووە، لەمانگی رابردوودا نوسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانیان 34 هەڵمەتی دەستبەسەراگرتن و ئاشكراكردنی گەندەڵییان ئەنجامداوە، بۆ نمونە، لە كۆمپانیای نەوتی بەسڕە دەستیان بەسەر چەند كەلوپەلێكدا گرتووە كە بایی زیاتر لە (80) ملیۆن دۆلار بوون و هاوتای ئەو كوالێتییە نەبووە كە لە بەڵێننامەكاندا واژۆی لەسەركراوە.
دەستەی دەستپاكیی عیراق گەندەڵییەكانی راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكیشی ئاشكراكردووە، كە بە بڕی 25 ملیار دینار پارەی پرۆژەكانی داوە بە چەند كۆمپانیایەك، كە خاوەنەكانیان كەسی نزیكی خودی پارێزگاری كەركوكن.
دەستەكە گەندەڵییەكی بەڕێوەبەری وەقفی سونیی موسڵ و چەند فەرمانبەرێكی وەقفەكەی ئاشكراكردووە، كە 250 فەرمانبەریان وەكو پاسەوانی مزگەوت دامەزراندووە، كە زۆربەیان كەسی نزیكی بەڕێوەبەری وەقفی سونیی موسڵ و فەرمانبەرەكانی دیكەن.
دەستەی دەستپاكی راشیگەیاندووە، شەش تۆمەتباریان دەستگیركردووە، كە بەنیازبوون ئاسەواری مێژوویی بەقاچاغ ببەنە دەرەوە و نرخەكانیان دەگەیشتە 200 ملیۆن دۆلار. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group