بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان دانوستاندن لەگەڵ حزبە سورییەكان دەستپێدەكات

09/12/2019

نەوا
شێخ نەواف تەڕاد مولحیم ئەمینداری گشتی پارتی گەلی سوری ئاشكرای دەكات، كۆبونەوەی حزبە سوریەكان و بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری ئیجابی بوە. دەشڵێت "لەناوچەی جزیرە هیچ نیازێك بۆ جیابونەوە لە سوریا نییە".
شێخ نەواف لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "حزبەكان نێوەندگیری نێوان بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری و حكومەتی سوریا دەكەن، ئەوەش دیالۆگی (سوری-سوری) دەهێنێتەئاراوە، لایەنی نێودەوڵەتی و روسیاش دیاریكراوە بۆئەوەی ببێتە گرەنتی".
هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە، لەگفتوگۆی حزبەكان و بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری باس لە بابەتەكانی تایبەت بە سیستمی خۆبەڕێوەبەرێتی و ئیدارەی خۆجێی كراوە، 90% لەسەر خاڵەكانی گفتوگۆكەش كۆك و هاوڕابون.
ئەمینداری گشتی پارتی گەلی سوری ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە نوسراوێكی كاری هاوبەش لە گفتوگۆكان دروستدەبێت، كە لەسەری رێككەوتن راستەوخۆ پێشكەشی حكومەتی سوریای دەكەن بۆئەوەی دیالۆگی (سوری-سوری) بەبێ‌ دەستوەردانی دەرەكی دەستپێبكات.
تەئكیدیشی كردوەتەوە، گفتوگۆكان باشن و لە جزیرەی سوریا هیچ نیازێك بۆ جیابونەوە نییە، سەرجەم پێكهاتەكان بە كورد، عەرەب، سریان، كلدان و ئاشور و ئەوانی دیكەشەوە داوای یەكگرتویی خاكی سوریا دەكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group