پەرلەمانتارێكی گۆڕان: رێككەوتنەكەمان لەبارەی چاكسازیی لەگەڵ پارتی جێبەجێنەكراوە

09/12/2019

نەوا
بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەو خاڵانەی گۆڕان و پارتی لەسەری رێككەوتبوون بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، تا ئێستا جێبەجێنەكراون.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لە وتارێكدا بەناونیشانی (گەندەڵی و چاكسازی) كە لە ماڵپەڕی فەرمیی بزوتنەوەكە بڵاوكراوەتەوە، نوسیوێتی "گەندەڵی تەواوی دامودەزگاكانی هەرێمی تەنیوە، قسەكردنی رۆژانەش لەسەر ئەم كەیس یان ئەو كەیسی گەندەڵی سەرقاڵكردنی هاووڵاتیانە، لەكاتێكدا هاووڵاتیان پێویستیان بەچارەسەر و بنبڕكردنی پرسی گەندەڵییە، نەك باسكردنی".
بەڵێن ئیسماعیل دەشڵێت "لە رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا پرسی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەڕونی یەكلاییكراوەتەوە، ئەویش بە دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای چاكسازی لەچوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها ئامادەكردنی پرۆژەیاسای چاكسازیی هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری، كارگێڕی و دارایی، بەڵام هەتا ئێستا نە ئەنجومەنی باڵای چاكسازی دروستكراوە، نە یەك دێڕیش لەپڕۆژەیاسای چاكسازی بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان و پارتی نوسراوە".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لەكۆتاییدا نوسیوێتی، پڕۆژەیاسای چاكسازی لە موچە و خانەنشینی و دەرماڵە ئامادەیە و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، بەڵام پێویستە چاكسازی هەموو سێكتەرەكان بگرێتەوە، بەتایبەت داهات و نەوت، ئابوری، سیاسی، سەربازی و یاسایی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group