نه‌وا
لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا پرۆژه‌یاسایه‌كی له‌باره‌ی سزادانی توركیا په‌سه‌ندكرد، سیناتۆرێكی كۆمارییه‌كانیش ده‌ڵێت، پێویسته توركیا ده‌رئه‌نجامه ئازاربه‌خشه‌كانی كاره‌كانی قبوڵ بكات.
شه‌وی رابردوو لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا گفتوگۆی له‌باره‌ی پرۆژهیاسایهكهوه كرد بۆ سزادانی توركیا به‌هۆی كڕینی سیستمی به‌رگریی موشه‌كیی ئێس-400 و هه‌روه‌ها هێرشكردنه سه‌ر باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا.
لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران، كه پارتی كۆمارییه‌كان تیایدا زۆرینه‌ن، به ده‌نگی 18 ئه‌ندام به‌رامبه‌ر به 4 ده‌نگی دژ، پرۆژه‌یاساكه‌ی بۆ سزادانی توركیا په‌سه‌ندكرد.
پرۆژه‌یاساكه هانی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌دات، هه‌ڵوێستێكی توند به‌رامبه‌ر به هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا بنوێنێت.
دوای په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاساكه، جه‌یمس ریچ سیناتۆری كۆمارییه‌كان رایگه‌یاند، توركیا ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه و به‌رپرسانی وڵاته‌كه ده‌توانن چی به گونجاو ده‌زانن بیكه‌ن، به‌ڵام ده‌شبێت ده‌ره‌نجامی كاره‌كانیشیان قبوڵبكه‌ن، به‌تایبه‌ت كه هه‌نگاو و كاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا ده‌رئه‌نجامی خراپ و ئازاربه‌خشی بۆ ئه‌و وڵاته ده‌بێت.
سیناتۆره‌كه‌ی ئه‌مریكا ره‌خنه‌شی له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا گرت به‌وه‌ی توركیای به رێگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا بردووه و له ناتۆی دوورخستۆته‌وه و له روسیا نزیكبۆته‌وه، بۆیه ده‌بێت بزانێك كه هه‌نگاوی له‌و شێوه‌یه كاردانه‌وه‌ی به‌دوادا دێت.
پێشتریش مه‌ولود چاوشئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له ئه‌مریكا كرد، ئه‌گه‌ر سزا به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنن و فرۆكه‌ی ئێف-35ی راده‌ست نه‌كه‌ن، ئه‌نقه‌ره‌ش وه‌ڵامی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی واشنتۆن ده‌داته‌وه و چاو به بوونی سوپای ئه‌مریكا له بنكه‌ی ئه‌نچه‌رلیك ده‌خشێنێته‌وه.