داوا لە بەرهەم ساڵح دەكرێت بینینی ترامپ رەتبكاتەوە

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
عالیە نوسێف ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا داوا لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق دەكات بینینی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رەتبكاتەوە.
عالیە نوسێف لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، چۆن دەكرێت سەرۆك كۆماری عیراق چاوی بە سەرۆكی دەوڵەتێك بكەوێت، كە هێرشی دوژمنكارانە دەكاتەسەر عیراق و سەركردەیەكی سەربازی عیراقی كوشت، كە سەركەوتنی بەسەر داعشدا بەدەستهێنا، هەروەها سەروەری خاكی عیراقی پێشێلكرد و تاوانی قێزەونی ئەنجامدا.
ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری ئەوەش دەكات، ئایا سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا دادەنیشێت كە شانازی بەكوشتنی كەسە نیشتمانییەكانی عیراقەوە دەكات؟ بۆیە ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح لەبەردەم دوڕیاندێكدایە، یان ئەوەتا دەستی دەخاتە دەستی ترامپ و چاوی پێی دەكەوێت وەك ئەوەی هیچ روینەدابێت، یان هەڵوێستێكی نیشتمانی لەبەردەم گەلەكەیدا تۆماردەكات و بینینی ترامپ رەتدەكاتەوە، جا لە مونتەدای داڤۆس بێت یان لە هەر شوێنێكی تر، تەنانەت ئەگەر لەژێر بیانوی گفتوگۆكردن بێت لەسەر بابەتی دەركردنی هێزە ئەمریكییەكان.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، بڕیار وایە دۆناڵد ترامپ لەگەڵ بەرهەم ساڵح و عەمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان و ئاورسولا فۆن دیر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی لە چوارچێوەی كۆبونەوەكانی مونتەدای داڤۆس كۆببنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group