حزبوڵڵای عیراقی: به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ترامپ كۆببێته‌وه‌ له‌ به‌غدا شاربه‌ده‌ری ده‌كه‌ین

22/01/2020 عێراق

نه‌وا
بەشێك لە لایەنە شیعییەكان فشار دەخەنە سەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ئەوەی لە داڤۆس لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا كۆنەبێتەوە، بە ڕاددەیەك، بەرپرسێكی حزبوڵڵای عیراقی هەڕەشە دەكات و دەڵێت "ئەو كۆبونەوەیە ئەنجام بدرێت، بەرهەم ساڵح لە بەغدا شاربەدەر دەكەین".
لەكاتێكدا بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە پەراوێزی كۆڕبەندیی ئابوریی جیهان لە داڤۆس كۆببێتەوە، ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی ئاسایشی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی، كە بەشێكە لە حەشدی شەعبی، لە تویتێكدا دەڵێت "دووپاتی دەكەینەوە پێویستە بەرهەم ساڵح پابەندبێت بە كۆنەبونەوە لەگەڵ ترامپی گەمژە و هاوكارە بكوژەكانی، ئەگەرنا عیراقییەكان هەڵوێستیان دژی دەبێت، ئەویش بەهۆی پێشێلكردنی ئیرادەی گەلی عیراق و لەبەرچاونەگرتنی ئەو خوێنەی رژاوە". 
ئاماژەی بەوەشكردوە "ئەگەر بەرهەم ساڵح ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدات، ئەوكاتە ئێمە دەڵێین بەخێرنەیەیتەوە، ئازادیخوازانی گەلەكەمان كار لەسەر دەركردنی لە بەغدای سەربەرز و شكۆمەند دەكەن".
پێشتریش حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، كە سەربە هاوپەیمانیی سائیرونی موقتەدا سەدرە، لە راگەیەندراوێكدا داوای لە بەرپرسانی عیراق كرد لە داڤۆس بایكۆتی كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریكا بكەن، لەسەروی هەموویانەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە.
چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی سەربە عەسائیبی ئەهلی حەق و دەوڵەتی یاساش بەهەمانشێوە ئەو فشارەیان لە بەرهەم ساڵح كردوە بۆئەوەی لەگەڵ ترامپ و بەرپرسانی ئەمریكا كۆنەبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group