ئەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی لە ژێر چاودێریدان و رەخنە دەگرن

24/02/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
نزیكەی 100 كەس لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە گەڕاونەتەوە سلێمانی و ئێستا لە هۆتێلێك  دانراون بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێری پزیشكیدا بن، بەڵام ئەو كەسانە داوای هاوكاری دەكەن و وەك خۆیان بۆ رادیۆ نەوا ئاماژەی پێدەكەن هیچ تیمێكی پزیشكی ناچێت بۆ چاودێری تەندروستییان كە داخۆ هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا-ن یاخود نا و تەنها لە رێگەی كارمەندانی ئاسایش و پۆلیس ژەمە خواردنەكانیان بۆ دەبرێت، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی-ش ئاماژە بەوەدەكات هیچ حاڵەتێكی گوماناویی و توشبونیان تێدانییە و پێویست دەكات 14 رۆژ بمێننەوە.
دوو كەس لەوانەی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی و لە هۆتێڵیكە هێڵراونەتەوە كە لەسەر داوای خۆیان ناویان نەهێنرا بۆ بەرنامەی شەقام-ی رادیۆ نەوا دوان و وتیان:" ماوەی چوار رۆژە گەڕاوینەتەوە سلێمانی، بۆ چارەسەری پزیشكیی لە ئێران بوین و لە مەرزی باشماخەوە داخڵ بوین ، لەوێ بە ئامێری تیشكەكە تەنها پلەی گەرمیمان وەرگیراوە، دواتر بە پاس گواستراینەوە بۆ ئەم هۆتێلە ، تا ئێستا هیچ تیمێكی تەندروستی نەهاتوە كە پشكنینمان بۆ بكەن ، ئەگەر نەخۆشین ئامادەین 14 ساڵ لێرە بین نەك تەنها 14 رۆژ بەڵام لەگەڵ ئێمە لە باشماخەوە شۆفێری ئێرانی كە لە قوم و تارانەوە هاتون داخڵی هەرێم بون ، ئەی چی لەوان دەكەن؟، بۆ ژەمە خواردنەكانیش كە بە كەموكورتی پێمان دەگات بە كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش بۆمان دەنێرن بێ ئەوەی دەستكێش یاخود دەمامكیان پێوەبێت".

سەبارەت بە رێكارەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بۆ ئەو كەسانە ، دكتۆر یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی كە میوانی بەرنامەی شەقام بوو وتی:" هەموو رێكارێكمان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی رێگری تەواو لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەین و لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەك پێویست بە بەكار هێنانی دەمامك و دەستكێش ناكات و ئەو كەسانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە دەخرێنە ژێر چاودێریەوە و ئەو كەسانەی گەڕاونەتەوە شوێنمان بۆ دابین كردون و هەموو پێداویستیەكی تێدایە وبەپێی رێنمایی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی WHO  دەبێت 14 رۆژ لە ژێر چاودێریدا بن چونكە لەو ماوەیەدا نیشانەكان دەردەكەوێت، دەبوو خەڵك هاوكارمان بن لە رێنمایی و هۆشیاری نەك گلەیی كردن ، ئێمە كار لەسەر گلەییەكان دەكەین و بەردەوامیش پزیشك دەچیچتە لایان بۆ هەر حاڵەتێكی نەخۆشی دیكە كە هەیانبێت".

بەپێی وتەی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ هەر كەسێك كە گومانی لێبكرێت یاخود نیشانەكانی تێدا دەركەوێت پێویست ناكات سەردانی هیچ بنكەیەكی تەندروستی بكات و تیمی تەندروستی ئامادەكراو دوای ئەوەی پەیوەندیان پێوە دەكرێت و ناونیشانیان پێدەدرێت خۆیان دەچنە ماڵ و شوێنی ئەو كەسە بەمەستی پشكنین و ئەگەر پێویستی كرد بە گواستنەوەی بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی لە سلێمانی تایبەت كراوە بۆ گومانلێكراوان یاخود توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگوازرێنەوە. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group