میدیاكاری وەرزشی كوردی لە كوێی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە؟

21/03/2020 وەرزش
نەوا-زاگرۆس نانەكەلی

مرۆڤەكان هەموو شایستەی رێز و گرنگیدانن، زۆرجاران گرنگیدان بۆ هەندێك كەس لە شوێنی خۆی نیە، یاخود زیاتر لەپێویست قەبارەكەی گەورە دەكرێت، هەندێكیش هێندە فەرامۆشكراون، لە ناحەقی زیاتر بەولاوە هیچیترنیە، بۆیە گرنگەمرۆڤـ رێز لە كەسایەتی و پیشەكەی بگیرێت، لەهەمان كاتدا كەسایەتی و ئەكتیڤ بوونی لە پیشەكەی پێناسەی خۆیەتی و هەموو پیشەیەك بۆ ژیان و گرنگیدان بە مرۆڤایەتی بچووك و گەورەی لانیە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهانی تەنیوە، كوردستانی گەورەی ئێمەش وەكو هەسارەی زەوی لێی بێبەش نین، بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆ پاراستن لەم ڤایرۆسە جێ بەجێكردنی رێنمایەكانی تەندروستییە، هەڵمەتێكی زەبەلاح لەجیهان بەرێودەچێت بۆ هۆشیاری و خۆپاراستن، هونەرمەندان و وەرزشكاران و كەسایەتییە ناسراوەكان پشكی شێریان بەردەكەوێت بۆ ئەم هەڵمەتە، سەربازی وون و گرنگی نەدان بە میدیاكارانی وەرزشی جیهان خۆی لەخۆیدا نا دادپەروەری تیایە، منیش لەگەڵ ئەوەم رۆڵی میسی و رۆناڵدۆ كاریگەر ترە لە میدیاكارێكی وەرزشی، بەڵام هەر ئەو میدیاكارە وەرزشیەیە چەندین هاوشێوەی ئەم دوو ئەستێرە بە جیهان ناساندوە، نموونەی میدیاكاری وەرزشی ژاپۆنی (هیرۆشی كاگاوا) كە لەدوای كارەساتی (هیرۆشیما و ناكازاكی) ئەم میدیاكارە وەرزشییە لەسەر دار وبەرد خەڵكی وڵاتەكەی فێری خوێندن دەكرد بۆ دووبارە گەڕانەوەبۆ ژیان، هەروەها ئەم مرۆڤەلە مۆندیالی 1974 ئەڵمانیا تا مۆندیالی بەڕازیلی  2014 دەیەمین مۆندیالی روماڵكردووە، لە تەمەنی 90 ساڵیدا ولە ساڵی 2015 فیفا بە فەڕمی خەڵاتی باشترین میدیاكاری وەرزشی پێشكەش كرد، لەلێدوانێكیدا وتی: من بۆ ئەم بۆنە نەدەهاتم هاوڕێكانم وتیان پێویستە بچیت و خەڵاتەكە وەربگریت!.
ئایا ئەمڕۆ پێویست ناكا (هیرۆشی كاگاوا) و میدیاكارانی وەرزشی تری جیهان ببنە كەسایەتی كاریگەر بۆ نەهێشتنی كۆرۆنا و یاخود كارەساتی سروشتی و مرۆیی؟، بۆنابێت ئەمڕۆ میدیاكارانی وەرزشی كوردستان جەخت لە دەزگاكانی راگەیاندن بكەن، بۆ ئەوەی بە ریكلام و كەسایەتی خۆیان بتوانن دڵی خەڵك هێمن وخۆش بكەن بۆ نەمانی ئەم ڤایرۆسە، ناكرێت میدیاكارانی وەرزشی لە ئێستاوە ببن بە پردی خۆشگوزەرانی و پەیوەندی كاریگەری كۆمەڵگا، نابێت میدیاكارانی وەرزشی كوردستان ببن بە خاوەن پێگە و متمانە وكەسایەتی خۆیان، بۆچی نابێت میدیاكارانی وەرزشی ببن بە ژمارە و متمانەی كۆمەڵگای كوردی، نابێت میدیاكارانی وەرزشی كوردی هەوڵ وتەقەلای خێرا بدەن بۆ دروستكردنەوە و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی لەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستای ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەبێت بۆ بەیانی میدیاكارانی وەرزشی جێگە وپێگەی راستەقینەی خۆیان دیاری بكەن پێداگرن لەسەر دووبارە گەڕانەوە و گرنگیدان بە ناسنامە و پیشەكەیان، میدیاكاری وەرزشی تاكەی چاودێر وچاوەڕوان بێت، بۆچی میدیاكاری وەرزشی نەبێتە  هاوكێشە و سەنگ و بارستایی خۆی دیار بكرێت، تاكەی میدیاكاری وەرزشی وەكو تەماشاكار وبینەر بێت، بۆچی میدیاكاری وەرزشی لەتێكڕایی پێشهاتەكانی دونیا جێ پەنجە و مەقامی خۆی نەبێت، قەت نامانەوێت میدیاكاری وەرزشی لەسەرووی هەموان بێت، بەڵام ناكرێت لە ژێری ژێرەوە بێت، بۆچی میدیاكاری ژاپۆنی (هیرۆشی كاگاو) نەخشەی وڵاتەكەی گۆڕی و زیندووی كردەوە، ئەو بە تەمەنی 90 ساڵی گۆمەكەی شلەقاند، ئێمەش هەموومان بەیەكەوە دەتوانین وابین، كەواتە لەئێستای جیهان كەرووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونەتەوە دەكرێت لەم خاڵە میدیاكارانی وەرزشی دەست پێ بكەن، میدیاكارانی وەرزشی چ رۆڵێكیان هەیە لە ئێستادا بۆ رووبەڕوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەم راپۆرتەم چەند میدیاكاری وەرزشیم دواندووە وئەوان بەم شێوە باس لە گرنگی میدیاكاری وەرزشی دەكەن لە سەردەمی كۆرۆنا.
پ.د.هۆشیار: خۆم و ماڵ و منداڵم كەرەنتینە كردووە
پرۆفسیۆری یاریدەدەر و وەرزشوان ومیدیاكاری دێرین دكتۆر هوشیار عەبدولرەجمان وتی: لە یەكەم سات وهەوڵم داوە كەپەیڕەوی رێنمایی و ئامۆژگارییەكانی تەندروستی جیهانی بكە م و خال بەخاڵ جێبەجَی بكەم چونكە جێ بەجێكردنی ئەم رێنماییانە خۆمان وڵاتمان لەم ڤایرۆسە كوشندەیە دەپاریزێ، من خۆم و ماڵ و مناڵم لەماڵەوە كەرنتینە كردووە وهاتوچۆ سەردانم نە هیشتووە، لەسۆشیال میدیاش هۆشیاركردنەوە رێنمایەكانم بڵاكردۆتەوە بۆ تەندروستی گشتی، ئومێد دەكەم كورد هەموو بەیەكەوە رێنمایەكان جێ بەجێبكەن، بۆ بەرژەوەندی گشتی.
م.یوسف كەمال: میدیاكاری وەرزشی دەبێت پێشەنگ بێت لە پابەندبوون
توێژەری كۆمەڵایەتی مامۆستا و رۆژنامەنووسی دیار چەند بوارێك مامۆستا یوسف كەمال وتی: گەورە نووسەری بواری ئاین وكۆمەڵایەتی عەلی ئەلوەردی پێی وایە باشترین خۆپاراستن لە نەخۆشی تاعون وڤایرۆس مانەوەیە لەماڵەكەی خۆت، میدیاكاری وەرزشی وەك تاكێكی كۆمەڵ دەبێت پیشەنگ بێت لەپابەند بوون بە رێنماكارەكان و ئەو قۆناغەش تۆمار بكات، سستی چالاكیە وەرزشیەكان بە مانای وەستانی نییە، بەڵكو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێكی گورجتر، دەبێت چركەكانی هەواڵی وەرزشكاران دیكۆمێنت بكات لە ژیر ناوی وەرزش لە زەمەنی كۆرۆنا، دوور كەوتنەوە لە قەڵەبالغی ئەنجامدانی چالاكیەكان كە دوایین چالاكی بۆتە نوكتە لە خولی عێراق بەبێ جەماوەر بەرێوە چوو، بەڵام جەماوەر باڵەخانەكانی بڵندیان كردە پەیژە بۆ بینیی یارییەكان !جگە لە هەڵویستی هەندیك یایریزانان وەك یونس مەحمود كە بە 100 ملیون دینار بەخشین بۆ پاڵپشتی تەندورستی و بەرەنگاربونەوە لە كۆرۆنا، بۆیە دەركێت لە مانەوە دیكۆمێنتی وەرزش و بەرەنگاربونەوەی ئەو فایرۆسەی كە لە قەبارە یەك میلی مایكرۆنە واتە بەشیك لە ملیۆنی میلیمەتر، بەڵام لەترس دایناسۆڕە.
م.زانا قادر: میدیاكاری وەرزشی دەبێت رۆڵی كاریگەر و شایستەو مێژویی خۆیان ببینن 
زانا قادر مامۆستا وەرزش و میدیاكاری وەرزشی وتی: لە ئێستادا جیهان ڕوبەڕوی ئاستەنگێكی تەندروستی بێوێنە بۆتەوە ئەم حاڵەتە دەخوازێك وڵامێك و ڕوبەڕوبونەوەیەكی جیهانی و بەكۆمەڵی بۆ بدرێتەوە، لەناویاندا ڕاگەیاندنكارانی وەرزشی پشكی گەورەیان بەردەكەوێت بەهۆكاری ئەوەی زۆرترین چین و توێژی دونیا لە بازنەی وەرزشدا خۆیان دەبیننەوە، بێگومان تەواوی دەزگا گەورەكانی وەرزشی نێودەوڵەتی و نیشتمانی بڕیاری گرنگ و چارەنوسسازیان داوە لەو بوارە، دەمێنێتە سەر ڕاگەیاندنەكان و بەتایبەت ڕاگەیاندنكارانی وەرزش كە ڕۆڵی كاریگەر و شایستەو مێژویی خۆیان ببینن لە پارێزگاریكردن لە ژیان و تەندروستی مرۆڤەكان، كە ئەم پەیامە ئامانجە سەرەكی و پیرۆزەكەی وەرزشە، دەبێت ڕاگەیاندنكاران بە هەڵوێست و كردار و نوسین و وتەكانیان و ڕاپۆرت و چاوپێكەوتنەكانیان هۆكاری پاراستنی گیان و تەندروستی خەڵك بن بەگشتی و یاریزان و پاڵەوانەكانمان بن بەتایبەتی ، پێویستە لە هەموان زیاتر پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستیەكان و هانی چینی وەرزشكاران و وەرزشدۆستان بدەن بۆ پابەند بون، ئەم حاڵەتەش تێدەپەڕێت و پاڵەوانێتیەكان دەستپێدەكاتەوە و پاڵەوانەكان و هاندەران دێنەوە یاریگاكان و ژیان ئاسایی دەبێتەوە پشت بەخوا، ئەو كات هەست دەكەین چەند كارێكی گەورەمان ئەنجامداوە ئەگەر توانیبێتمان پارێزگاری لە ژیانی یاریزانێك پاڵەوانێك هاندەرێك بكەین.
سەنگەر زرار: میدیاكاری وەرزشی دەبێت ئومێد بەهەموو لایەك ببەخشین
سەنگەر زرار میدیاكاری وەرزشی وتی: ئێمەش وەك توێژێكی كارا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماڵەكەماندا دەمینینەوە و خۆمان كەرەنتینە كردووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەریی و مەترسییەكانی بۆ سەر مرۆڤایەتی و هەموو كۆمەڵگاكان، وامان لێ‌ دەكات بەشداربین لەهەڵمەتە نیشتمانییەكان و پابەندی رێنماییەكان بین، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی هەموو لایەك، بۆ ئەوەی هەمووان پارێزراوبن، هەمووان ساغ و تەندروست باش بن، بۆیە پێویستە بەرپرسانە و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە هەڵسوكەوت بكەین، تا ئومێد بەهەموو لایەك ببەخشین. 
ئیحسان حەسەن: بەلێ گیانێ وەرزشڤانێ مە گرنگترینە
میدیاكاری وەرزشی شاری دهۆك سەیدا ئیحسان حەسەن بۆبەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا وتی: ئەز دبینم تەخا وەرزشێ بەری هەموو تەخێن دی یێن جڤاكی پێدڤییە لدویف رێنمایێن وەزارەتا تەندوروستی بچن ژ عرفێ وەرزشێ ژی ێەوە سلامەتییا وەرزشڤانی ل پێشییا  هەر دەستكەفەكی دهێت ژبەر هندێ ژبلی هندێ كو دڤێت دەستپێشخەرن بۆ بجهێینانا رێنمایان بزاڤێ بكەت یاموژگاریان بدەت ل مالا خوە دیسان ل دوورووبەرێن خوە چونكو ئەو ژ هەموویان پتر دزانیت مێشكێ ساخلەم د لەشێ ساخلەم دایە لەوما ئەم دگەل بریارا حكوومەتێ نە لدۆر ڤێ مەترسیێ ئەز دبێژم ێەو ڤایروسا هژمارەكا خولێن مە زنێن جیهانێ راوەستاندین و هژمارەكا یاریكەر گرتین ب تایبەت د خولا ئیتالیا دا  تێرا هندێ  هە یە ێەم خولێن نافخویی و چالاكیێن وەرزشی ل هەرێما كوردستانێ ب راوەستنین راستە رەنگە زەرەر ب ێابوورێ لاوازێ یانەیێن مە بكەڤیت بەلێ گیانێ وەرزشڤانێ مە گرنگترینە.
نەجیبە كەریم: ئارامگرتن و مانەوە لەماڵەكانمان و رەچاوكردنی رێنمایەكان باشترین خۆپاراستنە
نەجیبە كەریم مامۆستا و خانمە میدیاكاری وەرزشی بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وتی: پێم وایە ئارامگرتن و مانەوە لەماڵەكانمان و رەچاوكردنی رێنمایەكان و پاك وخاوێنی و هزر و رۆشنبیری تاكی كۆمەڵگا باشترین بەرەنگاربوونەوە و خۆپارستنە لەم ڤایرۆسە ناوەختە، من وەكو میدیاكارێكی وەرزشی ئومێد دەكەم جگەلەوەی خۆمان بپارێزین، دەبێت چاوساغ ورێنیشاندەری كۆمەڵگای خۆمان بین، چونكە لە ئەمڕۆی جیهانگیریدا میدیاكاری وەرزشی ژمارەیەكی قوڕسە لە هاوكێشەكان، نابێت رۆڵی میدیاكارانی وەرزشی بە لاواز و بێ بایەخ سەیر بكرێت وپشتگوێ بخرێت، تكا و داوا لەهاوپیشەكانم دەكەم خۆیان وخانەوادە و گەڕەك وشار و وڵات وهاونیشتمانیان رێنمای بكەن بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە، تا پسپۆڕانی بواری پزیشكی ئەم ڤایرۆسە بنبڕ ولەناو دەبەن.
سۆران عوسمان: مەترسی ئەم ڤایرۆسە هەموومان پێوەی دەناڵێنین
مامۆستا سۆران عوسمانی میدیاكاری وەرزشی لەشاری ماسترێخت لە هۆڵەندا وتی: مەترسی ئەم بارودۆخە ناسكەی كە هەموومان پێوەی دەناڵین لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كرۆنا و زیاد بوونی تووشبووانی بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو..وە بڵاوبوونەوەشی لە نێوان چینی وەرزشوانان بە شێوەیەكی تایبەتیش، كە لە مانەش بە بێ گومان چینی رۆژنامە نوسانی وەرزشییە، ئەویش بە تێكەڵاو بونیان بە یاریزانان، بەراستی خۆ پاراستنیان لە م ڤایرۆسە وە تێكەڵاو نەبونیان بە یاریزان و هاندەران زۆر پێویستە بۆیان ، چونكە كارو پیشەیان زۆر ترسناك ترە لە چین و توێژەكانی تر ئەویش بە هۆی بوونیان بە بەردەوامی لە نێو خەڵكیدا .
سامان بریفكانی: ئەم ڤایرۆسە پێی نییە تا بۆ لات بێت، ئێمە خۆمان بەرەو پیریەوە دەچین
میدیاكاری وەرزشی سامان بریفكانی وتی: ئەركی سەر شانی هەر راگەیاندنكارێكی وەرزشی هۆشیاركردنەوەی تاكە بە تایبەتی چینی وەرزشكار و وەرزشدۆست لە شەڕكردن لە بەرانبەر ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا، كە ماوەیەكە بە شێوەیەكی ترسناك بڵاو بۆتەوە و هەڕەشە لە ژیان و ئایندەی مرۆڤ دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر راگەیاندنكار دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان بخەنە گەڕ لە پێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی پێویست.. لێرەدا داوا دەكەم رۆڵی راگەیاندنی وەرزشی كارا بێ لە پیناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و رێگەگرتن لە زانیارییە نادروستەكان و زانیارییە تۆقێنەرەكان، هەروەها داوا لە كۆمەڵگەی وەرزشی بكەن پابەندی بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بن.. پێویستە هەموو لایەكیش بزانن ڤایرۆسە كوشندەكە پێی نییە، تا بۆ لات بێت، ئێمە خۆمان بەرەو پیلییەوە دەچین. بۆیە ئەگەر لە ماڵەكانمان دابنیشین، تەندروست دەبین.
عەبدولڕەحمان شوان: مانەوە لەماڵەوە و نەچونە دەرەوە باشترین خۆپاراستنە لەم ڤایرۆسە
میدیاكاری وەرزشی شاری قەڵادزێ مامۆستا عەبدولڕەحمان شوان وتی: كۆرۆنا وەك ڤایرۆسێكی مەترسیدار و كوشندە لەئەمڕۆدا هەڕەشە لەگشت مرۆڤایەتی دەكات ، هەربۆیە بۆ ڕێگری لەكارەساتی گەورە پێویستە لەسەر هەمووان كەهەوڵی ڕێگری لەو پەتایە بدەن، لەهەرێمی كوردستانیشدا كەبەداخەوە لەئێستادا مەترسی گواستنەوەی كۆرۆنا بوونی هەیە بەتایبەتی لەوڵاتانی دراوسێ، بەڵام دەكرێت بەهیمەتی هەموو لایەك بۆئەوەی خۆمان و كوردستان لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە بەدوور بگرین، ئەویش تەنها و تەنها بەڕەچاوكرنی یاسا و ڕێنماییە تەندروستیەكان و مانەوە لەماڵەوە و تێكەڵاونەبوون و نەچوونمان بۆ شوێنە قەرەباڵغەكان.
حسێن عەلی: گرنگە ئەو قسە و هەڵوێستەی دەریدەبڕی، سەرەتا خۆت جێبەجێی بكەی
حسێن عەلی میدیاكاری وەرزشی لە شاری كەركوك وتی: گرنگەئەو قسە وهەڵوێستەی دەریدەبڕی، سەرەتا خۆت جێبەجێی بكەی، بەڵێ میدیاكارانی وەرزشی شاری كەركووك لەیەكەم رۆژی قەدەغەكردنی هاتوچۆ رێنمای سەداسەدیان كردووە وجێگای رێزە و گرنگە ئێمەش لەلایەنی خۆمان هاوڵاتیان ئاگاداربكەینەوە بۆ ئەوەی هەموومان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوەستین تا وڵات وشار وگەڕەك وماڵ سەلامەتبین.
د.هیوا قادر: مانەوە لەماڵەوە بكەنە رێگە و شێوازێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا
سەربازی ونی میدیای وەرزشی كوردی و دكتۆری ئێشكگر هیوا قادر وتی: میدیاكاری وەرزشی نوێنەری چینێكی فراوانی كۆمەڵگە دەكات ، پابەندبوونی میدیاكاری وەرزشی بە رێنماییەكان ، پەیامێكە بۆ هەموو خەڵكی و چین و توێژەكانی تر  ، تاكو ئەوانیش چاو لەو میدیاكارانە بكەن، مانەوە لەماڵەوە بكەنە رێگە و شێوازێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
هەوراز كاوە: بۆ ڤاكسین من وەك خۆم بۆ ئەمە ئامادەم و لە پێشەوەی میللەتەكەم دەبم
هەوراز كاوە میدیاكاری وەرزشی شاری چەمچەماڵ وتی: ئەركی ئەخلاقی ئێمەیە لە ڕێگەی كەناڵە تایبەت و گشتییەكانی خۆمان تەواوی ڕێكار و ڕێنمایەكانی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا جێ بەجێبكەین و بە بەردەوامی خەڵكی لەو پەتایە بێدار بكەینەوە، هەروەها باشترین دەرفەتە لەم پشووە زیاتر لەگەڵ خێزان و كەسوكارمان زۆر بابەتی لەدەستچوو قەرەبوو بكەینەوە، جگە لەمانە قۆناغی خۆبەخشی دەست پێدەكات ئێمەی وەرزشكاران ڕەنگە لەڕووی جەستەوە چالاكتربین و پێویستە بەبێ ترس خۆمان لە تاقیكارییەكان بەین و بەهانای هەموو لایەكەوە بچین و بەبێ بەرامبەر ئامادەیی ئەوەمان هەبێت ڤاكسینەكان لەسەر جەستەمان تاقیبكرێتەوە، كە من وەك خۆم بۆ ئەمە ئامادەم و لە پێشەوەی میللەتەكەم دەبم.
دانەر ئەسڵان: بەوشەیەكیش مۆمێكی ڕۆشنفیكری بۆ خەڵكی دابگیرسێنیت بە ئامۆژگاری بێت جێگای رێزە
میدیاكاری وەرزشی دانەر ئەسڵان لە سلێمانی وتی: بۆ هەر كەسێك لەم كاتەدا بە وشەیەكیش مۆمێكی ڕۆشنفیكری بۆ خەڵكی دابگیرسێنێت بە ئامۆژگاری بێت بە نووسین و ڤیدیۆ چاتی بەر چاو ڕوونی بێت هەموو ئەمانە لای من جێگەی ڕێز و ستاییشە، چونكە ئەم بەلایە بە هەموان دەتوانین ڕووبەڕووی ببینەوە و بیبەزێنین، من وەك میدیاكارێكی وەرزشی لە یەكەم ڕۆژەوە خەریكی ئامۆژگاری و ڕێنمایی ئازیزانم بە باشیشی دەزانم هاوڕێ و هاوپیشەكانم بە هەمان شێوە بەردەوامن ئەوەی من دڵخۆش دەكات ئەوەیە دەبینم میدیاكارانی وەرزشی پابەندی ڕێنماییەكانن لەگەڵ ئەوەی كە زۆر دەرناكەون و ناچنە دەرەوە لە ماڵیشەوە بەردەوامن لە كاری میدیایی خۆیان و پابەندی ڕێنماییەكانن لەگەڵ ئەوەشدا خۆشمان بووینەتە دەستەیەكی زیندووی نێو كۆمەڵگا و قسە و ڕێنماییەكانمان بۆتە هاوكارێكی باش بۆ ئەوەی تەندروستی و ئاساییش و هاتوچۆ داوای دەكەن لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆیە لێرەوە سوپاس تەواوی هاوڕێ و هاوپیشەكانم دەكەم بۆ هەر كارێكی باش لەم كاتەدا پێشكەشی خەڵكی دەكەن جارێكی تریش سوپاس بۆ كاك زاگرۆس نانەكەلی بۆ ئەم كارە جوانەی دەیكات لەم كاتەدا ئەمە گەواهیدەری تەواوی قسەكانی منە.
رەسوڵ بارامی: دڵنیاشتان دەكەمەوە لەماوەیەكی نزیك كۆتای بەم ڤایرۆسە دێت 
كۆمێنتاری وەرزشیی شاری كەلار رەسوڵ بارامی لە گەرمیان وتی : بەهۆی نەخوشی كۆرۆناوە تاكە چەكێنەی كورد بتوانێ بۆ ئەو جەنگە روو بەروی كۆرۆنا ببێنەوە تەنها خۆپاراستە لە جیگا قەرەبالغیەكان ومانەوە لەماڵەكانمان.داواكارم لەهەمو خەلكی كوردستان پاپەندبن بە رێنماییەكانی تەندروستیەوە. دڵنیاشتان دەكەمەوە لەماوەیەكی نزیك كۆتای بەم ڤایرۆسەدێت ئینشاڵڵا.
م.ئومێد پیرۆت: دڵتەنگیم بۆ جیهان دەردەبڕم، كۆرۆنا گورزێكی كوشندەی لە مرۆڤایەتیداوە
مامۆستا و میدیاكاری وەرزشی شاری رانیە ئومێد محەمەد پیرۆت وتی: سەرەتا دڵتەنگیم بۆ جیهان دەردەبڕم، كە پەتای كۆرۆنا گورزێكی كوشندەی لە مرۆڤایەتی و هەموو بوارەكانی دا، بواری وەرزشیش بێبەش نەبوو لەم گورزە و بۆشاییەكی گەورەی خستە ناو دڵی ئارەزوومەندانی، ڕاگرتنی هەموو خول و  جۆرە چالاكیەكی وەرزشی بۆ جیهان و مرۆڤایەتی، وەستاندنی لایەكی گەورەی تەندروستی مرۆڤایەتیە، چونكە  وەرزش چارەسەری بەشێكی زۆری نەخۆشیەكانی مرۆڤە، هاوشان لەگەڵ چارەسەرە بزیشكیەكان، داوام لەوەرزشكاران و هەموو ئەوانەی كەلێنێكی گەورە كەوتۆتە نێو حەز و ئارەزووەكانیان، ئەم دۆخە لەخۆیان نەكەن بە پێوەدانێكی كوشندە و بییان وەستێنێ و سڕیان بكات، با لەجموجۆڵ و چالاكیەكانیان هەم لەنێو ماڵەكانیاندا، هەم كاتێك دەچنە دەرەوە، بۆ كەش و هەوایەكی ئارام دوور لە قەرەباڵغی، نەوەستن و دوركەوتنەوەیان لە ناوەندو هۆڵ و یانە وەرزشیەكاندا لە جموجۆڵ نەیان وەستێنێ و ڕێچكەی جموجۆڵی وەرزشیان بەجۆرێكی دی بگۆڕن و ئەم دۆخە كار لە ووزە و خۆشەویستییان نەكات كە بۆ بوارەكە هەیانە، ناو ماڵەكانیشیان بكەن بە دەرفەتی زیاتر بۆ بەدواداچوونی زانیاریە وەرزشی و گشتیەكان و خوێندنەوەی زیاتر، ئەم ساتانە بەقازانجی خۆیان بەكۆتابهێنن، ئەم دۆخەش تێپەڕ دەبێت و مرۆڤایەتی رێچكەی جارانی زیاتر وباشتر دەگرێتەوە بۆ تێكۆشان و بەدەستهێنانی زانست و خۆشویستی.
دروست بوون و لەدایكبوون و سەرهەَدان بوونەوەرە بە گیان وبێ گیانەكان كۆتایی هەیە و كۆتایی دێت، گرنگە كۆتاییەكە بەخۆشی بێت، راستە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێك لە مرۆڤایەتی لەناو برد و دڵتەنگی كردین، بەڵام گرنگە بڕوامان بەوە هەبێت لە ئایندەیەكی نزیك ئەم خەوە ترسناك و تاڵە كۆتایی دێت و مرۆڤایەتی بەرەو خۆشگوزەرانی هەنگاو دەنێت و كۆرۆناش دەبێتە یادگاریەكی تاڵ بەخوێنی شیرینی چەند مرۆڤێك یاد دەكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group