رێكار و مامەڵە سەیر و سەمەرەكانی وڵاتان لەگەڵ كۆرۆنا

01/04/2020

نەوا
كۆرۆنا لە زۆربەی ولاتانی جیهان بڵاوبووەتەوە و زۆرینەی حكومەتەكان رێوشوێنیان بۆ رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوە گرتوەتە بەر و بەشێكی زۆریشیان پەنایان بۆ كەرەنتینەكردن و قەدەغەی هاتوچۆ بردووە، بەڵام چەند وڵاتێك بڕیاری سەیر و سەمەرە و پێشتر نەبینراو و نەبیستراویان دەركردووە.

پەنەما

ئەم وڵاتە كە كەوتوەتە ئەمریكای ناوەڕاستەوە و نزیكەی سێ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای تێدایە، رێكاری زۆر توندی تێدا پەیڕەو دەكرێت.
لە رۆژی یەكی نیسانەوە ژنان و پیاوان بۆیان هەیە بەجیا و تەنها بۆ دوو سەعات لە ماڵ بچنە دەرەوە و هەر كامەیان رۆژێكی هەفتە هەڵبژێرن و نابێت هیچ كەسێك لە رۆژانی یەكشەممەدا لە ماڵەوە بچێتەدەر.

كۆڵۆمبیا

لە هەندێك شاری كۆڵۆمبیا هاوڵاتیان بە پێی دوایین ژمارەی سەر كارتی نیشتمانیەكەیان بۆیان هەیە لە رۆژانی دیاریكراودا بچنە دەرەوە. بۆ وێنە ئەو كەسانەی دوایین ژمارەی سەر كارتەكەیان سفر، چوار یان حەوتە تەنها دەتوانن رۆژانی دووشەممە لە ماڵ بچنە دەرەوە و ئەوانەشی دوا ژمارەیان یەك، هەشت و پێنجە رۆژانی سێ شەممە دەبێت بچنە دەرەوە.
لە بولیڤیاش رێكارێكی هاوشێوەی كۆلۆمبیا پەیڕەو دەكرێت.

سربیا

 

حكومەت كاتژمێر 8 بۆ 9 ی شەوی داناوە بۆ ئەوەی خاوەن سەگەكان سەگەكانیان ببەن بۆ پیاسە، بەڵام ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و پزیشكانی ڤێتەرنەری لێكەوتوەتەوە.

بلاروسیا

هیچ رێكارێك پەیڕەو نەكراوە و سەرۆكی ئەو وڵاتەش دەڵێت، بە هۆی سەرماوە هاوڵاتیان لەبەرامبەر كۆرۆنا پارێزراون و داواشی كردووە بە خواردنەوە ڤۆدكا و چوونیان بۆ ساونا و بەردەوامیان بە كاری كشتوكاڵ بەرەنگاری كۆرۆنا ببنەوە.

سوید

سەرباری تۆماركردنی چوار هەزار و 500 حاڵەتی تووشبوون، هیچ بڕیارێكی قەدەغەكردنی هاتوچۆ یان كەرەنتینكردن پەیڕەو نەكراوە و تەنها حكومەت متمانەی بە خەڵكەكەیەتی كە هەڵسوكەوتی لۆژیكی و گونجاو لەگەڵ دۆخەكە بگرنەبەر.
باڕ و ریستورانتەكان دانەخراون و قوتابخانەكانیش بۆ خوار تەمەنی 16 ساڵ كراوەن و تەنها كۆبوونەوەی زیاتر لە 50 كەس رێگەی پێنادرێت.
مالیزیا

بەهۆی ئەوەی وەزارەتی كاروباری ژنان داوای كردبوو لە ماوەی كەرنتیندا ژنان جلی جوان لەبەر بكەن و میكیاج بكەن و دڵی هاوسەرەكانیان رابگرن و بۆڵەبۆڵیان بەسەردا نەكەن، توڕەیی چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنانی بەدوادا هات و ئەو وەزارەتە ناچار بوو داوای لێبوردن بكات.

 

توركمانستان

سەرباری ئەوەی دراوسێی ئێرانە كە زۆرترین ژمارەی تووشبوونی و گیان لەدەستدان لە ناوچەكەی تێدا تۆمار كراوە، بەڵام بەرپرسانی توركمانستان نەك هەر وشەی كۆرۆنایان قەدەغە كردووە، بەڵكوو هەركەسێك لەو بارەوە قسە بكات یان دەمامكی كردبێت دەیگرن.
تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنا لە توركمانستان رانەگەیەنراوە.

 

نەمسا

هەرچەندە راسپاردەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بریتیە لەوەی كە كەسانی تەندروست پێویستیان بە بەكارهێنانی دەمامك نییە، بەڵام حكومەتی نەمسا بڕیاری داوە هیچ هاوڵاتیەك بۆی نییە بە بێ دەمامك بچێتە شوێنە گشتیەكان و دوای بڕیارەكەش ملیۆنان دەمامكی دابەش كردووە.
پێشتریش هەریەك لە چیك، سكۆڤاكیا و بۆسنە و هەرسك بڕیاری هاوشێوەیان لە بارەی دەمامكەوە دەركردبوو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group