نەوا
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا پشتڕاستی كردەوە كە سەرقاڵی گواستنەوەی سیستەمی بەرگری موشەكین بۆ عیراق.
بیل ئوربان وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا رایگەیاند، سەرقاڵی گواستنەوەی سیستەمی بەرگریی موشەكین بۆ عیراق، ئەمەش لە پێناو پارێزگاری لە هێزە عێراقیەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا.
باسی لەوەشكردووە ئەو پرسە تەواو نهێنیە و ناتوانێت زانیاری و وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا جەختیشی كردۆتەوە، كە گواستنەوەی سیستەمی بەرگریی موشەكی بۆ عێراق بە ئاگاداری بەرپرسان و حكومەتی بەغدایە و لەو رووەوە هەماهەنگی تەواویان هەیە.
پێشتر چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوەكردبوو، ئەمریكا لە عەین ئەسەد و هەولێر سیستەمی بەرگریی موشەكی جێگیركردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵە گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران رووی لە هەڵكشان كردووە و چەندین جار هێرشكراوەتە سەر ئەو بنكە سەربازیانەی عێراق كە ئەمریكیەكانی تێدا جێگیركراون و واشنتۆنیش تاران و گروپە چەكداریەكانی سەر بەو وڵاتە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەكات.