تەندروستی جیهانی: ئاوی گەرم كۆرۆنای جەستە لەناونابات و زیان لە خۆتان مەدەن

09/04/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رەتیدەكاتەوە ئاوی گەرم، ڤایرۆسی كۆرۆنای ناو جەستە لەناوببات و دەڵێت "زیان لەخۆتان مەدەن، چونكە ئاو هەرچەند گەرمیش بێت، پلەی گەرمی جەستە بە جێگری دەمێنێتەوە".
بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە جیهاندا چەندین بیرۆكەی هەڵە بڵاوبونەتەوە، كە هەندێكیان لە ژمارەیەك وڵاتی جیهان بوەتەهۆی كەوتنەوەی قوربانی، یەكێك لەو بیرۆكە هەڵانەش خۆشوشتنە بە ئاوی گەرم گوایە ئەگەر ڤایرۆسەكە هاتبێتە ناو جەستەت، دەیكوژێت.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەوبارەیەوە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، هەر ئاوێك "سارد، شلەتێن و تەنانەت زۆر گەرمیش" بەكاربهێنیت بۆ خۆشوشتن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا نابێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، پلەی گەرمای دەرەوە هەرچەند بێت و هەر ئاوێك بێت ئەوا جەستە پلەی گەرمای خۆی دەپارێزێت و لەنێوان 36 پلە و نیو بۆ 37 پلە دەمێنێتەوە ئاوەكە هەرچەند گەرمیش بێت، بۆیە ئاوی گەرم رێگە ناگرێت لە توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
تەندروستی جیهانی تەئكیدیشیكردوەتەوە، بەكارهێنانی ئاوی گەرم بۆ خۆشوشتن لەوانەیە زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت، وەك سوتان و لەناوبردنی شانەكانی پێست، ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی بەرگری جەستە بۆ ڤایرۆسەكانی كەشوهەوای دەرەوە لاواز بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group