نەوا
سیناتۆرێكی روسی دەڵێت "ڤایرۆسی كۆرۆنا هەژمونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كرد بە رابردو".
ئەلێكسی بوشكۆڤ سیناتۆری روسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەرەوە نوسیوێتی "پەكین پێی وایە دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمریكا و چین و روسیا پێكەوە سیستمی نوێی جیهان پێكدەهێننەوە. بەڵێ، ئەو سێگۆشە گەورەیە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت، بەڵام ئەمریكا دەستبەرداری داواكارییەكانی نابێت بۆ بوونی هەژمون بەسەر تەواوی جیهاندا، تا ئێستا دەستەبژێری ئەمریكی ئامادە نییە بۆ ئەو هەنگاوە".
بۆیە سیناتۆرە روسیەكە دوپاتیدەكاتەوە، هەژمونی تەنیای ئەمریكا بەسەر جیهاندا دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی دێت.
تویتەكەی ئەو سیناتۆرە روسییە لەكاتێكدایە، پێشتر رۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست"ی چینی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردبوەوە، هەریەك لە چین و روسیا و ئەمریكا پێكەوە لە چاككردنی سیستمی جیهانیی دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشدار دەبن.
رۆژنامە چینیەكە نوسیوێتی، ئەو سێ وڵاتە تەنها لە روی ستراتیژی و سەربازی و ئابورییەوە بەهێزترین وڵاتانی جیهان نین، بەڵكو دەسەڵاتدارەكانیشیان بەشێوەیەك كاردەكەن كە "بنەما و رێسای نوێ بەرهەمدەهێنن".