ئەڵمانیا.. دادگاییكردنی ئەو داعشە عیراقییە دەستیپێكرد كە منداڵێكی ئێزدی بە دڕندانە كوشتبو

25/04/2020

نەوا
لە ئەڵمانیا دادگاییكردنی پیاوێكی عیراقی بە تۆمەتی ئەندامبون لە رێكخراوی داعش و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و كۆمەڵكوژی دەستیپێكرد، كە ساڵی پێشوش ژنە ئەڵمانییەكەی بە هەمان شێوە دادگایی كرابو.
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردوەتەوە، ئەو داعشە عیراقییە ناوی (تەها سەباح نوری)یە و تەمەنی 27 ساڵە، ساڵی پێشو ژنەكەشی، كە ناوی جێنیفەرە و ئەڵمانییە دادگاییكراوە، تۆمەتی سەر هەردووكیشیان ئەندامبونە لە رێكخراوی داعش لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2019  و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و كۆمەڵكوژیش لەسەر پیاوەكە هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، تەها و ژنەكەی منداڵێكی كچی ئیزدییان كوشتوە، كە تەمەنی تەنها 5 ساڵ بوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە كەشوهەوای گەرمی 50 پلەی سیلیزی لە دەرەوە بەستویانەتەوە بەبێ‌ ئەوەی رێگەی بدەن ئاو بخواتەوە و دوای چەند كاتژمێرێك گیانیلەدەستداوە، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی لە جێگەكەیدا میزی كردبو بە خۆیدا.
بەپێی تۆمەتەكان، ئەو داعشە عیراقییە لەساڵی 2013ەوە چۆتە عیراق و بەشداری لە شەڕەكانی داعشدا كردوە، لەساڵی 2015ەشەوە بەرپرسی نوسینگەی (لەسێدارەدان لەسەر بنەمای شەریعەت) بوە لە شاری رەققەی سوریا، هەروەها تۆمەتی كڕینی ژنێكی ئێزدی و كچەكەی لەسەرە.
بەپێی قسەكانی داواكاری گشتی، تەها سەباح نوری ویستویەتی تایفەی ئێزدی لەناوببات، زۆر خراپ ئازاری دایك و منداڵەكەی داوە و تەنانەت خواردنی تەواوی نەداونەتێ‌ تا لەبەردەم گەرمای هاویندا منداڵەكە گیانیلەدەستدا و دایكیشی بەپێی پەتی ناچاركراوە بچێتە دەرەوە و ئەویش سوتاوی مەترسیدار لەژێر پێكانی دروستبوە.

جێنیفەریش دوای ئەوەی لەساڵی 2014 بوە بە موسڵمان، چوەتە توركیا و دواتر بۆ عیراق و دوای ئەوەش بۆ سوریا، پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەوە كردوە، هەروەها تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەسەرە، زۆر بە خراپی لە دایك و كچە منداڵەكەی داوە و دەمانچەی لێ راكێشاون. لەساڵی 2015وە بوە بە ئەندامی پۆلیسی پەروەردەی ژنانی داعش، دواتر لەساڵی 2016 هەوڵی گەڕانەوەی بۆ  ئەڵمانیا داوە ئەوەش دوای ئەوەی لەرێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە توركیا داوای پاسپۆرتێكی نوێی كردوە.
لەگەڵ چونەدەرەوەی لە باڵیۆزخانەكە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەستگیركراو رادەستی ئەڵمانیا كرایەوە، بەڵام بەڵگەی تەواو نەبوو بۆ دادگاییكردنی و لەگەڵ منداڵەكەیدا، كە لە داعشە عیراقییەكە بویەتی، ژیانی ئاسایی بەڕێكردوە، بەڵام دوای ئەوەی لەساڵی 2018 هەوڵی گەڕانەوە بۆ سوریا دەدات، متمانە بە پیاوێك دەكات و پێی دەڵێت هاوكاری دەكات بۆ گەڕانەوە، بەڵام پیاوەكە سەربە هەواڵگریی ئەڵمانیا بوە و پلانی ژنەكە پوچەڵ بۆتەوە.
دوای دەستگیركردنی جێنیفەر، دانی بە كوشتنی كچە ئێزدیەكەدا ناوە، ئاماژەی بەوەشداوە تەنانەت ئەوەش لای داعش زیادەڕەوی بوە و رێكخراوەكە مێردەكەی سزا داوە بەهۆی ئەو كارەوە، دواتریش (تەها سەباح نوری) مێردی ساڵی 2019 لە یۆنان دەستگیركراو رادەستی ئەڵمانیا كرایەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group