بەرپرسێكی پریمەرلیگ: هەندێك لە یاریزانە رەشپێستەكان لە دەستپێكردنەوەی یارییەكان دەترسن

11/05/2020 وەرزش

نەوا
بۆبی بارنز جێگری سەرۆكی رابیتەی یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ لە ئینگلتەرا رایگەیاند، هاوكات لەگەڵ پلانەكانی دەستپێكردنەوەی پریمەرلیگ، یاریزانان هەست بە نیگەرانی دەكەن لەبارەی تەندروستییانەوە.
خواستێك هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی یارییە راگیراوەكانی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلتەرا لە مانگی حوزەیرانی داهاتو، بەڵام بارنز بە رۆژنامەی "تایمز"ی وتوە "هەندێك یاریزان نیگەرانی گەورەی خۆیان نیشانداوە. هەندێك یاریزان هەن منداڵی بچوكیان لە ماڵەوە هەیە، یاخود هەندێكیان نەخۆشیان هەیە لە ماڵەوە، بۆیە دەترسن".
وتیشی "هەندێك یاریزانی لاوی رەشپێست قسەیان لەگەڵ كردوم و باسی ئەو بابەتانەیان دەكرد، كە لە رۆژنامەكاندا بڵاوكراونەتەوە و داوای وەڵام دەكەن".
ئەو قسەیەی بارنز ئاماژەیە بۆ ئەو راپۆرتە بەریتانییەی باس لەوەدەكات رەشپێستەكان زیاتر بەهۆی كۆرۆناوە دەمرن بەراورد بە سپیپێستەكان، هەربۆیە یاریزانەكانیش لەوبارەیەوە نیگەرانن.
لەگەڵ پلانەكانی دەستپێكردنەوەی خولی نایابی ئینگلیزی، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجامی پشكنینەكانی ژمارەیەك یاریزان دەرچوە و دەركەوتوە سێیەم یاریزانی یانەی برایتۆن توشی پەتاكە بوە.
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆش نوێنەرانی یانە بەشدارەكانی پریمەرلیگ كۆببنەوە و ئەگەری دەستپێكردنەوەی 92 یارییەكەی وەرزی ئەمساڵی خولەكە تاووتوێ بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group