دایك و باوكێك دوای 32 ساڵ چاویان بە منداڵە رفێنراوەكەیان كەوتەوە

19/05/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
پاش تێپەڕبوونی 32 ساڵ بەسەر رفاندنی، دایك و باوكێك لە وڵاتی چین منداڵەكەیان لە ئامێز گرتەوە.
رفاندنی منداڵ لە چین دیاردەیەكی باوە و یەكێك لەو مندالانە "مائۆ یین"ە، كە ساڵی 1988 لە كاتێكدا تەنها دوو ساڵ تەمەنی بوو رفێنرا. بە درێژایی ئەو ساڵانە باوك و دایكی ئەو منداڵە بێهیوا نەبوون لە دۆزینەوەی.
دایكی ئەو كوڕە لە پێناو دۆزینەوەی منداڵەكەی 10 پارێزگای چین گەڕاوە و شوێن چەندین سەرەداو كەوتووە. ئەو ژنە لە ساڵی 2007ەوە ببوە ئەنجامی كەمپینێك بۆ دۆزینەوەی منداڵە رفێنراوەكان و لەو چوارچێوەیەدا توانیبووی یارمەتی 29 خێزان بدات لە دۆزینەوەی منداڵەكانیان.
دواجار پۆلیس توانی لە ناوچەیەكی پارێزگای سی شپان ئەو منداڵە بدۆزێتەوە و دوای پشكنینی دی ئێن ئەی دەركەوت كە مائویە.
وەك راگەیاندنەكانی چین بڵاویان كردۆتەوە، رفێنەرەكان بە بڕی 840 دۆلار ئەو منداڵەیان بە خێزانێك فرۆشتبوو كە منداڵیان نەدەبوو.
مائو كە ئێستا تەمەنی 34 ساڵ رایگەیاندووە، دەیەوێت زۆرترین كاتەكانی لە گەڵ دایكوباوكی راستەقینەی خۆی بەسەر ببات.
هەر چەندە ئامارێكی فەرمی لە بارەی رفاندنی منداڵان لە چین لەبەردەستدا نیە، بەڵام تەنها لە ماڵپەڕی كەمپینێك كە بۆ دۆزینەوەی ئەو مندالانە كراوەتەوە، ناوی 22 هەزار منداڵی رفێنراو تۆمار كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group