گواردیۆلا لە ریمۆنتادای ریاڵ مەدرید دەترسێت

31/07/2020 وەرزش

نەوا
پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی ئینگلیزی جەختدەكاتەوە لەوەی ریاڵ مەدرید دەتوانێت ئەنجامی یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هەڵبگەڕێنێتەوە كاتێك لە 7ی مانگی داهاتودا روبەڕوی یەك دەبنەوە.
گواردیۆلای فەیلەسوفی ئیسپانی لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵەكانی "دازن" وتویەتی "ئەنجامێكی باشمان بەدەستهێنا كاتێك یاری چونمان لەنێو بێرنابیۆ بە 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك بردەوە".
دەشڵێت "ئەگەر پشتمان بەو ئەنجامەی یاری چون ببەستین، ئەوا زەحمەتیی زۆرمان توش دەبێت لە گەیشتن بە چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ. بۆیە نابێت زۆر بیر لەو ئەنجامە بكەینەوە، هەرچەندە دەزانین ئەوە شتێكی باشە، بەڵام ریاڵ مەدرید دەتوانێت ئەنجامەكە هەڵبگەڕێنێتەوە هاوشێوەی بەرشەلۆنە و بایرن میونشن، ئەوان ئەو پێشبڕكێیانە دەناسن و دەزانن چۆن یاری دەكەن".
هەروەها ستایشی زێنەدین زێدانی راهێنەری ریاڵ مەدریدی كرد و وتی "یاریزانێكی نایاب بوو، هیواداربوم لە پاڵ ئەودا یاری بكەم، بەڵام لە شانسی خۆم ئەو ركابەرم بوو لە هەڵبژاردەی فەرەنسادا، لە كاتی باش و خراپیشدا هەر بەشێوەیەكی زۆرباش یاری دەكرد".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group