بەرهەم ساڵح و كازمی جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەنەوە

07/08/2020 عێراق

نەوا
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەخت لە گرنگی چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەكەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، رۆژی پێنجشەممە لە بەغدا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیكرد لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی كۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابوری وڵات و جەختكرایەوە لەپێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد وەك پابەندبونێك بە كارنامەی حكومەت.
ھەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران، جەختیان لە پێویستی راوەدونانی پاشماوەكانی تیرۆر و بەردەوامیدان بە سەركەوتنەكانی هێزە ئەمنییەكان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی شارەكانی عێراقدا، ھاوكات گفتوگۆیشكرا لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی پەتای كۆرۆنا و پشتیوانیكردنی لەلایەنە تەندروستییەكان و زامنكردنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان، هەروەها خستنەروی چارەسەر و ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەربازبون لە قەیرانی ئابوری و كەمكردنەوەی خەرجی حكومەت و زیادكردنی سەرچاوەی داھاتی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای چاكسازی لە وڵاتدا.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەگرنگی بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێوێستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەجۆرێك مافە دەستورییەكانی سەرجەم هاوڵاتیان و موچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بپارێزێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group