عیراق لە هەوڵی كڕینی ڤاكسینە روسییەكەدایە

11/08/2020 عێراق

نەوا
بریكاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق دەڵێت، لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە عێراق لە پەیوەندیدان بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
حازم جومەیلی بریكاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چوار گەورە كۆمپانیای جیهانی و پێشكەوتوی ئەمریكا، بەریتانیا، روسیا و چین، كە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدەن، تا لەكاتی دەرچوونی ڤاكسینەكە، عیراق لێیانبكڕێت.
بریكارەكەی وەزارەتی تەندروستیی عیراق راشیگەیاند "لەگەڵ ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لە بەغدا دیدارمان هەبوو سەبارەت بە ڤاكسینی كۆرۆنا و لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بزانین كەی تۆماردەكرێت و بەرهەمدەهێندرێت، بۆیە ئەگەر بسەلمێندرێت ڤاكسینێكی كاریگەرە، بۆ نەخۆشخانەكانی عێراقی دابین دەكەین".
ئەمڕۆ سێشەممە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا دروستكردنی یەكەمین ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە جیهاندا راگەیاند، كە لەلایەن زانایانی وڵاتەكەیەوە دروستكراوە.
پوتین وتی "ڤاكسینەكە بەشێوەیەكی زۆرباش كاردەكات و بەرگرییەكی جێگیر بۆ جەستە دروستدەكات، چونكە لە سەرجەم تاقیكردنەوە پێویستەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و یەكێك لە كچەكانی خۆشم بەو ڤاكسینە كوتراوە".
لای خۆیەوە میخائیل موراشكۆ وەزیری تەندروستیی روسیا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە لە مانگی داهاتوەوە دەستپێدەكات و سەرەتاش لە دوو ناوەند دەبێت، كە ئەوانیش سەنتەری "گمالیا" و كۆمپانیای "بایۆفارما"یە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group