عیراق و هەرێم بەدوای ئەو سیخوڕەدا دەگەڕێن كە زانیاری داوە بە فڕۆكەكانی توركیا

13/08/2020 عێراق

نەوا
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق ئاشكرایكرد، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ دۆزینەوەی ئەو سیخوڕەی زانیاری داوە بە توركیا بۆ بۆردومانەكەی ناوچەی سیدەكانی پارێزگای هەولێر، كە بوەهۆی كوشتنی دوو ئەفسەر و سەربازێكی پاسەوانی سنور.
تەحسین خەفاجی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان پرۆسە هاوبەشەكان و لایەنە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان هەیە لەسەر ئەو بۆردومانەی توركیا، كە بوەهۆی شەهیدبونی دوو ئەفسەر و سەربازێكی عیراقی". 
ئەوەشی رونكردوەتەوە، پەیوەندییەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی ئەو میكانیزمەی توركیا پشتی پێبەستوە و ئەو سیخوڕەی زانیاری پێداون و ئاراستەی كردون بۆ بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی عیراقی، ئەوكارەش لەلایەن لیژنەیەكەوە ئەنجامدەدرێت بۆ زانینی هۆكاری هێرشەكە و ئەوەی چۆن توركیا پشتی بەو زانیاریانە بەستوە.
وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق تەئكیدیكردوەتەوە، دەستدرێژیەكانی توركیا بەرەوپێشچونێكی مەترسیداریان بەخۆیانەوە بینیوە و ناكرێت بەردەوام بن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group