فەرمانی دەستگیركردن بۆ 21 فەرمانبەری كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكور دەرچو

17/09/2020 عێراق

نەوا
دەستەی نەزاهەی عیراق ئاشكرایكرد، بەتۆمەتی بەهەدەردانی بڕێكی زۆر مادەی نەوتی سپی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ 21 فەرمانبەری كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكور دەرچوە.
بازنەی لێكۆڵینەوەكانی سەربە دەستەی نەزاهە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، دادوەری لێكۆڵینەوەی كەركوك تایبەت بە كەیسەكانی نەزاهە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 21 تۆمەتبار دەركردوە، كە لە كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكور-پاڵاوگەی كەركوك كاردەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەستەی نەزاهە، ئەو 21 فەرمانبەرە كارەكەیان پشتگوێخستوە و هۆكاربون بۆ بەهەدەردانی 370 هەزار لیتر مادەی نەوتی سپی.
تیمی بازنەی لێكۆڵینەوەكانی سەربە دەستەی نەزاهەی عیراق، چونەتە شوێنی بەهەدەردانەكە، كە بریتیبوە لە دزەكردنی نەوتی سپی لە بۆری گواستنەوەی پاڵاوگەكە بۆ كۆگا، ئەوەش بەهۆی داخوران لە بۆریەكەدا دروستبوە و بڕێكی زۆر لێ دەرچوە، بەهۆی ئەوەشەوە نەوتێكی زۆر رژاوەتە زەوی تەنیشت بۆریەكەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group