نەتەوەیەكگرتوەكان: گروپەكانی سەر بە توركیا چەندین تاوانیان لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە

18/09/2020 جیهان

نەوا
لەنوێترین راپۆرتی نەتەوەیەكگرتوەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كە گروپە چەكدارەكانی سەر توركیا چەندین پێشێلكاریان لە عەفرین و سەرێكانی و ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.
ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا باسی لەو توندوتیژی و پێشێلكاریانە كردووە، كە گروپەكانی سەر بە توركیا لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامیانداون، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی موڵكە و ماڵی هاولاتیانی كورد و رفاندن و ئەشكەنجەدان.
هانی مێگاڵی كۆمیسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا رایگەیاند، ئاماریان لەبەردەست نییە بۆئەوەی بڵێین چەند كەس دەست بەسەر ماڵ و موڵكیدا گیراوە یان دەركراوە، بەڵام هەندێك كەیسی تایبەتیمان دۆكیۆمێنت كردوون. لە هەندێك لە كەیسەكان بینیومانە كە خەڵك داوایان لێكراوە ماڵی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە. خەڵكی هەڵاتوون و بینیویانە كە ماڵ و موڵكیان دەستی بەسەردا گیراوە و زەحمەتیش بووە بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر موڵكیان.
 راشیگەیاند، پێشێلكاریی زۆر خراپتریان بینیوە، لەوانەش دەستگیركردن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان و تووندوتیژیی سێكسی كە لە زیندانەكان روویداوە.
 لە 20ی كانوونی یەكەمی 2018 سوپای توركیا و هێزە یارمەتیدەرەكانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانكردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای دوو مانگ شەڕ دەستیان بەسەرداگرت و لە تشرینی یەكەمی 2019یشدا ئەو هێزانە هێرشیانكردە سەر سەرێ كانی و هەندێك ناوچەی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار كەسیش ئاوارەبوون.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group