ئۆپێك: مانگی پێشو عیراق لە هەمو دەوڵەتانی دیكە زیاتر هەناردەی نەوتی كەمكردوەتەوە

19/09/2020 عێراق

نەوا
رێكخراوی وڵاتە هەناردەكارەكانی نەوت "ئۆپێك" ئاشكرایكرد، مانگی پێشو عیراق لە هەمو وڵاتەكانی دیكە زیاتر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی كەمكردوەتەوە.
ئۆپێك راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، لەمانگی ئابی رابردودا عیراق لە سەرجەم دەوڵەتانی دیكەی رێكخراوەكەیان بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر كەمكردوەتەوە، كە 152 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوە، بەدوای ئەویش "سعودیە" بە 93 هەزار، "نایجیریا" بە 32 هەزار، "ئەنگۆلا" 31 هەزار، پاشان "كوێت" بە 12 هەزار، هەروەها "جەزائیر" لە پلەی شەشەم دێت بە 8 هەزار بەرمیلی رۆژانە. رێژەی مامناوەندی كەمكردنەوەی نەوتیش رۆژانە 90 هەزار بەرمیل بوە.
هەروەها ئەو دەوڵەتانەی بەرهەمی نەوتیان لە هەمان مانگدا زیادكردوە، بریتین لە: ئیمارات، گابۆن، كۆنگۆ و گینیای ئیستیوایی.
بەپێی زانیاریەكانی رێكخراوەكە، ئەو دەوڵەتانەشی لە دەرەوەی رێكخراوەكە نەوتیان كەمكردوەتەوە بریتین لە "مالیزیا، كازاخستان، بەحرەین، عوممان، ئازەربایجان و سودان"، ئەوانەشی لە دەرەوەی رێكخراوەكە هەناردەی نەوتیان زیادكردوە بریتین لە "روسیا، باشوری سودان و برۆنای"، هەروەها 10 وڵاتەكەی دەرەوەی رێكخراوی ئۆپێك رۆژانە 15 هەزار بەرهەمیل هەناردەیان كەمكردوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group