ترێی رەشی سەرگەڵو لە چاوەڕوانی هەناردەكردندا

19/09/2020

نەوا
دانیشتوانی گوندی سەرگەڵو سەربە ناحیەی سورداش قەزای دووكان پارێزگای سلێمانی كە خاوەن سروشتێكی جوانە، سەرقاڵی كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداریین.
سەرگەڵو بە دامێنی شاخی هەلاجدا هەڵواسراوە و سروشتێكی دڵڕفێنی هەیە، تەنها 200 ماڵ لەئێستادا لەو گوندەدا ماونەتەوە و سەرقاڵی ئاژەڵداری و كشتوكاڵن.
سروشتی گوندی سەرگەڵو سەختە، هەر بۆیە كشتوكاڵیش لەو گوندە سەختە، بەڵام وەك خەڵكی گوندەكە دەڵێن چێژبەخشە.
بە هاوینان دانیشتوانی گوندەكە سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەبن و بە زستانانیش بەرهەمەكەی دەخۆن و شەوچەرە و سەردانیكردنی یەكتری هێندەی تر ژیانی گوندەواری دەڕازێنێتەوە.
ترێی سەرگەڵو یەكێكە لە بەروبوومە ناوازەكانی ئەو گوندە و لەسەر ئاستی هەرێم بۆ دروستكردنی مێوژ لە ریزبەندی یەكەمدایە.
ترێیەكی رەشی ئاوداری تام شیرین، بە قەدپاڵی شاخ و گردەكانی هەموو گوندەكەوە دەبینرێت، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا و هەموو ساڵێك لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە جووتیاران پەیتا پەیتا بە هەرەوەز روودەكەنە دەوەن و دەغڵەكانیان بەقەدپاڵی شاخەكانەوە بۆ رنینەوەی ترێ و دروستكردنی موشتاق.

موشتاق بریتیە لە كۆكردنەوەی ترێ لەسەر نایلۆنێكی گەورە و هەڵخستنی لەبەر هەتاودا تا دەبێتە مێوژ.
رەئوف قادر مستەفا یەكێكە لەو جووتیارانەی كە لەگەڵ هاوسەر و كوڕەكەی و دوو كەسی تری گوندەكە هاتوون بۆ رنینەوەی ترێ بە قەدپاڵی شاخێكی گوندی سەرگەڵو.
ئەو باس لەوە دەكات بۆ ئەم جۆرە كارانە دەبێت یان كرێكار بگریت یان ئەوەتا بە هەرەوەزی كارەكە ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی كە خەڵكی گوندەكە هەرەوەزیت لەگەڵ دەكەن، دواتر تۆش یارمەتییان دەدەیت.
لە باسی تێپەڕینی رۆژێكی كاركردن لە رنینەوەی ترێدا، رەئوف قادر مستەفا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: "سبەینان سەعات پێنج هەڵدەستین لەخەو، بەڕێ دەكەوین بۆسەر زەویەكە، تا سەعات هەشت و نیو كار دەكەین و ترێ كۆدەكەینەوە و دەیهاوینە سەر نایلۆنێك و لەبەر هەتاو هەڵیدەخەین تا دەبێتە مێوژ، دواتر ئاگر دەكەینەوە و بەرچاییەك حازر دەكەین و پشوویەك وەردەگرین و دەست دەكەینەوە بە كاركردن تا وەكو نیوەڕۆ دەبێت چوار تا ۆێنج موشتاق پر بكەینەوە. هەندێك جار تا بانگی ئێوارە سەرقاڵی رنینەوەی ترێ دەبین".
رەئوف قادر مستەفا كە لەدایكبووی ساڵی 1963ی سەرگەڵوە و ماوەی 40 ساڵە زیاتر سەرقاڵی كاری جووتیاریی و باخدارییە، باس لەوە دەكات ئەوان لە سەرگەڵو ترێ بۆ چەند مەبەستێك بەكاردەهێنن، هەندێكیان راستەوخۆ دەنێرنە بازاڕ و عەلوەكانەوە و بە نرخی رۆژ دەیفرۆشن كە لە 500 دینارەوە بۆ هەزار دینار دەگۆڕێت، هەندێكی تر ترێ دەكەنە مشتاق و دەیكەنە مێوژ، چونكە زۆر شیرینە و بەكەڵكی مێوژ و شەربەتی مێوژ دێت و دەیفرۆشینەوە بە دوكان و كارگەكانی دروستكردنی شەربەت كە ئەوكات كیلۆی بە دوو هەزار بۆ سێ هەزار نرخەكەی دەگۆڕێت".
زۆربەی رەزە ترێی سەرگەڵو بەسەر گرد و شاخەكانەوە، لەوێ بە ئاستەم دەتوانن بارە ترێ بگوێزنەوە، هەربۆیە هەندێك لە جووتیاران گوێدرێژ و مایین بەكاردەهێنن بۆ گواستنەوەی بارە ترێ پاش ئەوەی دەخرێنە قەرتاڵێكەوە (سەبەتە) و لە پشتی گوێدرێژەكەی دەنێن لە نزیك رەزەكانەوە بۆ نێو ئۆتۆمبێلی بارەكان دەیگوێزنەوە.
رەئوف قادر مستەفا باس لەوە دەكات كە لە هەریەك لە جۆرەكانی ترێ رەش، رەشمیری، ترێی دۆشاوی لە سەرگەڵودا هەن، بەڵام زۆربەی ترێی رەشە و بە دێمی بەخێودەكرێن و وتی: "واتە پێویستیان بە ئاودان نییە، تەنها ئەوەی دەبێت كۆتایی زستان ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، مایین و گوێدرێژ بهێنین و جووتیان پێبكەین و زەویەكان بكێڵین و رەزە ترێ بكەین، لق و پەلوپۆ زیادەكانیان ببڕین تاوەكو بۆ هاوین بەرووبوومی باش بگرن".

 

رەئوف قادر مستەفا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر ساڵێك باران بارین یان تەرزە تا درەنگانێكی بەهار ببارێت كە رێككەوت بێت لەگەڵ گوڵكردنی رەزە ترێدا، ئەوا ئەو ساڵە بەرهەمی ترێ كەم دەبێت، چونكە گوڵەكان دەوەرن و بەرسیلە كەم دەبێت.
رەئوف قادر مستەفا وتیشی: ''لێرە ترێ بەچەند جۆرێك سوودی لێ دەبینرێت، هەیە بۆخۆی لەگەڵ پێگەیشتنی ترێدا دەیباتە بازاڕەكانەوە و دەیانفرۆشێت، هەیە مشتاق دەنێتەوە و دواتر بە مێوژی دەیفرۆشێت، هەیە دەیكاتە باسوق و سجوق ئەوەشیان بە شەوچەرە لە زستاندا دەخورێت، بەتایبەت لە گوندەكەی ئێمە كاتێك زستانان كار و فەرمانمان نامێنێت، هەر شەوەی لە ماڵێك كۆدەبینەوە و شەوچەرە دەكەین".
ناوبراو وتیشی: "هەر بڕكێك مێو ئەگەر بەباشی كاری تیاكرابێت یەك سندوق، 20 كیلۆگرام ترێ دەگرێت، هەشە بە سێ تا چوار بڕەكە ترێ ئینجا دەتوانێت یەك سندوق ترێ بدات. ئەویش ئەگەر شوێنەكەی شێدار و فێنك بێت".
هاووڵاتی محەمەد ئەمین سەعید خەڵكی گوندی سەرگەڵو و خاوەنی كارگەیەكی دروستكردنی شەربەت راستەوخۆ لە كاتی رنینەوەی ترێدا ئاگاداری نانەوەی مشتاقەكە دەبێت تا مێوژێكی باشی بۆ بەرهەم بێت و سەرجەمی بەروبوومەكان بكڕێتەوە.
محەمەد ئەمین سەعید دەڵێت ''ترێی سەرگەڵو بەهۆی شیرینی و ئاوداوریەكەیەوە زۆر خۆشە بۆ مێوژ بۆیە هەموو ساڵێك ئەم كاتانە سەردانی زۆربەی باخەكانی ترێ دەكەین، دواتر لەكاتی هەڵگرنەوەی مێوژەكان لێیان وەردەگرینەوە، بۆ ئەوەی دواتر بیكەینە شەربەتی مێووژ كە بەروبوومی ترێی رەشە، بۆن و بەرامەكەشی خۆشە".
محەمەد ئەمین سەعید وتی: "ترێی سەعدانی، ترێی رەش، ترێی دۆشاوی و رەشمیری لە ترێ بەناوبانگەكانی گوندی سەرگەڵون كە هەریەكەیان بۆ بەرهەمێك دەبێت، دەكرێتە دۆشاو، مێوژ، شەربەتی مێوژ، باسوق و سجوق".
محەمەد ئەمین سەعید ئاماژە بەوە دەكات جووتیارانی سەرگەڵو سەرقاڵی چەندین كاری جووتیارین، لەوانە رەزی ترێ كە گرنگترینیانە، چوالە، ترش (ترشە سماق)، هەنار، قۆخ و هەنجیر جۆری ئەو بەروبوومە كشتوكاڵییانەیە كە خەڵكی گوندەكە سەرقاڵین، دواتر ئاژەڵداریش یەكێكە لە كارە گرنگەكان كە دانیشتوانی گوندەكە سەرقاڵی دەبن.
محەمەد ئەمین سەعید دەڵێت ''لە رەمەزانی ئەمساڵدا، مێوژ كەم بوو، بۆیە یەك كیلۆی بۆ سێ هەزار و 500 دینار بەرزبوویەوە، بەڵام ساڵانی رابردوو بە دوو هەزار و 500 دینار دەمان كڕی، كیلۆیەك مێوژ بەنزیكەیی لیتر و نیوێك بۆ دوو لیتر شەربەتی لێ دروست دەبێت".
ناوبراو باس لەوە دەكات كە ترێی سەرگەڵو جگە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەڕوات، بەڵام تا ئیستا رەوانەی دەرەوەی وڵات نەكراوە و وتی: "ساڵی پار لەگەڵ بازرگانێكی میسریدا رێككەوتین كە ترێی سەرگەڵو بەهۆی بۆن و بەرامەو تامە شیرینەكەیەوە بەرین بۆ ئەوێ، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەمانتوانی ئەو كارە بەئەنجام بگەینین، هیوادارین كە حكوومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاسانكاری بكەن بۆ ناساندنی زیاتری بەروبوومی ترێی سەرگەڵو تا بیكەینە ماركەیەكی جیهانی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group