توشبوانی كۆرۆنا لە جیهاندا 33 ملیۆنی تێپەڕاند

27/09/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا 33 ملیۆن كەسی تێپەڕاند و لەو ژمارەیەش نزیكەی یەك ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە، نزیكەی 24 ملیۆن و 500 هەزار توشبوش چاكبونەتەوە.
بەپێی داتاكانی پێگەی worldometersی جیهانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2020 بەكاتی هەرێمی كوردستان ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتوەتە زیاتر لە 33 ملیۆن و 72 هەزار كەس.
بەپێی ریزبەندی زەرەرمەندترین وڵاتەكانی جیهان، "ئەمریكا بە زیاتر لە 7 ملیۆن، هندستان بە نزیكەی 6 ملیۆن، بەڕازیل بە نزیكەی 5 ملیۆن، روسیا بە زیاتر لە یەك ملیۆن و كۆڵۆمبیاش بە زیاتر لە 800 هەزار توشبو" زەرەرمەندترین وڵاتەكانی جیهانن، بەدوای ئەوانیشدا "پیرۆ، ئیسپانیا، مەكسیك، ئەرجەنتین و ئەفریقای باشور"دێن.
بەپێی هەمان ماڵپەڕ، تائێستاش نزیكەی 999 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە، كە زیاتر لە 200 هەزاری ئەو ژمارەیە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە و زیاتر لە 141 هەزاریش لە وڵاتی بەڕازیلە، بەدوای ئەوانیشدا وڵاتەكانی "هندستان، مەكسیك، بەریتانیا، ئیتاڵیا، پیرۆ، فەرەنسا، ئیسپانیا و ئێران" زەرەرمەندترین وڵاتانی جیهانن لەرووی ژمارەی گیانلەدەستدانەوە، تائێستاش لە جیهاندا زیاتر لە 24 ملیۆن و 416 هەزار توشبو چاكبونەتەوە.
هەرچی عێراقیشە، لە ریزبەندی زەرەرمەندترین وڵاتەكان لە پلەی 16یەمینە و 345 هەزار و 969 توشبوی هەیە، لەو ژمارەیەش 8 هەزار و 935 كەس گیانیانلەدەستداوە و 276 هەزار و 918 توشبوش چاكبونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group