سەرەڕای توشبونی 19 یاریزانی بە كۆرۆنا یانەیەكی بەڕازیلی ناچار بە یاریكردن دەكرێت

28/09/2020 وەرزش

نەوا
دادگای بەڕازیلی یانەی فلامینگۆی ئەو وڵاتەی ناچاركرد یارییەكیان لە خولی تۆپی پێی ناوخۆیی ئەنجامبدات، سەرەڕای ئەوەی 19 یاریزانی یانەكە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی بەڕازیل، دادگای ویلایەتی ریۆ دی جانیرۆ بڕیاری داوە بە راگرتنی یارییەكی خولی بەڕازیلی لەنێوان هەردوو یانەی "فلامینگۆ" و "پالمێراس"، چونكە ناتوانرێت گرەنتی بكرێت كە یاریزانی دیكە و ئەندامانی دەستەی ئیداریی و كارمەندانی تر توشی ڤایرۆسی كورۆنا نەبن، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل تانەی لە بڕیارەكە داوە بە بیانوی ئەوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا روداوێكی جیاوازە و ناكرێت پەیوەست بكرێت بە تۆپی پێ و خولی بەڕازیلییەوە.
لای خۆیشیەوە دادگای ریۆ دی جانیرۆ بڕیاری داوە بە راگرتنی بڕیارەكەی، بەهۆی ئەوەی یارییەكە لە ساو پاولۆ ئەنجام دەدرێت و لە دەرەوەی سنوری دەسەڵاتەكانیەتی، ئەوەش 10 خولەك پێش دەستپێكردنی یارییەكە بوە.
بەپێی زانیاریەكان، بەهۆی بڕیارەكەوە فلامینگۆ ناچاربوە یارییەكەی ئەنجامبدات و زۆرینەی یاریزانەكانی تیمی خوار تەمەن 21 ساڵی بەشداری پێكردوە، سەرەڕای ئەوەش توانیویەتی بە ئەنجامی یەكسانبون و بە یەك گۆڵ بۆ هەرلایەك لە یارییەكە بێتە دەرەوە.
فلامینگۆ دەوڵەمەندترین یانەی بەڕازیلە و هەڵگری نازناوی خولی بەڕازیلی و جامی "كوبا لیبرتادۆریس"ی ئەمریكای باشورە، بەپێی زانیاریەكان سەرەڕای توشبونی 19 یاریزان، 17 ئەندامی تیمی هونەری و ئیداریی و كارمەندانی یانەكەش توشی كۆرۆنا بون لەنێویشیاندا "دۆمینیك تۆرێنت"ی راهێنەری ئیسپانی و "رۆدولفۆ لاندیم" سەرۆكی یانەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group