واده‌ی چوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان راگه‌یه‌نرا

28/09/2020

نه‌وا
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە هەفتەی داهاتوو، دانیشتنە تایبەتەكەی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی تر له‌ به‌رپرسان و وه‌زیران بەڕێوە دەچێت.
لە پرێس كۆنفرانسێكدا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بە فەرمی داواكاریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لەبارەی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان بەدەست گەیشتووە و رۆژی دووشەممە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبۆتەوە.
باسی له‌وه‌شكردووه‌، لە كۆبوونەوەكەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بڕیار دراوە، هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبوونەوە تایبەتە بكرێت كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردبوو.
راشیگه‌یاند، كە لە كۆبوونەوەكەدا جگە لە مەسرور بارزانی، هەریەك لە جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیری دارایی، وەزیری تەندروستی و ئەو وەزیرانەش ئامادە دەبن كە پەیوەندیدارن بە تەوەرەكانی گفتوگۆ.
پێشتر لە راگەیاندراوێكی فەرمیدا ئاشكرا كرابوو، لەسەر داوای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت ڕێکبخات کە تێیدا سەرۆکی حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستیی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتارێک پێشکەش دەکات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group