نوری مالیكی ره‌خنه‌ی توند له‌ رۆژنامه‌یه‌كی سه‌ر به‌ خامنه‌یی ده‌گرێت

28/09/2020 عێراق

نه‌وا
نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عیراق ره‌خنه‌ی توند له‌ نوسینێكی رۆژنامه‌ی كه‌یهانی نزیك له‌ رابه‌ری باڵای ئایینی ئێران ده‌گرێت له‌ باره‌ی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق.
مالیكی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌، سیستانی له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی عیراقه‌وه‌ ریچزلێگیراوه‌ و سوكایه‌تی به‌و مه‌رجه‌عه‌ باڵایه‌ سوكایه‌تیه‌ به‌سه‌رجه‌م عیراقیه‌كان.
داواشیكردووه‌، رۆژنامه‌ی كه‌یهان به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكاته‌وه‌.
پێشتر حسێن شه‌ریعه‌تمه‌داری خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ی كه‌یهان كه‌ نزیكه‌ له‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری باڵای ئایینی ئێران له‌ وتارێكدا ره‌خنه‌ی توندی له‌ عه‌لی سیستانی گرتبوو، به‌وه‌ی داوای له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كردبوو چاودێری به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق بكه‌ن.
شه‌ریعه‌تمه‌داری باسی له‌وه‌شكردبوو، ئه‌و داوایه‌ راگه‌یاندنی مایه‌پوچبوونی سیاسیه‌ و پێچه‌وانه‌ی پێگه‌ و سه‌نگی سیستانیه‌.
حكومه‌تی ئێران به‌ فه‌رمی رایگه‌یاندووه‌، نوسینه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی كه‌یهان هه‌ڵوێستی فه‌رمی تاران نییه‌ و به‌رده‌وام رێز له‌ پێگه‌ و كه‌سایه‌تی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق ده‌گرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group