روانگەی سوری: توركیا 850 چەكداری سوریی گواستوەتەوە ئازەربایجان

01/10/2020 جیهان

نەوا
بەپێی ئامارەكانی بەردەست روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، توركیا تا ئێستا 850 چەكداری گروپە سورییەكانی گواستوەتەوە بۆ ئازەربایجان.
لە راگەیەندراوێكدا، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكردووە، كاروانێكی دیكەی چەكدارە سورییەكانی سەر بە توركیا، كە لە 530 چەكدار پێك دێت، گەیشتووەتە ئازەربایجان.
روانگەی سووری ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی چوار هەزار چەكداری سوری بۆ ئازەربایجان دەكەن، رەتكردووەتەوە، دەڵێت، تا ئێستا ژمارەی چەكدارە سورییەكان لە ئازەربایجان گەیشتووەتە 850 چەكدار، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت ژمارەی زیاتری چەكدارەكان بنێردرێن.
روانگەی سووری ئاشكراشی كردووە، توركیا ئەو چەكدارە سورییانە بە ناوی پاراستنی كێڵگەكانی نەوت دەباتە ئازەربایجان، بەڵام لەوێ دەیانگوازێتەوە بەرەكانی شەڕی ئازەربایجان دژی ئەرمینیا.
چەكدارێكی سوریش، كە گواستراوەتەوە بۆ ئازەرباییجان، قسەی بۆ تۆڕی هەواڵی بی بی سی كردووە، توركیای بە هەڵخەڵەتاندنیان تۆمەتبار كردووە، دەڵێت، توركیا وتوێتی بۆ كاركردن دەچنە ئازەربایجان، بەڵام گواستونیەتەوە بۆ بەرەكانی شەڕ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group