بە دانوستانێکی 10 کاتژمێری ئازەربایجان و ئەرمینیا شەڕ لە ناگۆرنۆ قەرەباغ رادەگرن

10/10/2020 جیهان

نەوا

حكومەتی روسیا رایگەیاند، دوای 10 كاتژمێر لە گفتوگۆكردن، وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ئاگربەست لە ناگۆرنۆ قەرەباغ گەیشتنە رێككەوتن و لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەبارەی رێككەوتنەكەوە، كە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (بە كاتی ناوخۆیی هەردوو وڵات) دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە دەستپێشخەرییەكەی مۆسكۆ رازی بون و جەنگ رادەگرن.
هەروەها هەردوو وڵاتەكە رێككەوتون لەسەرئەوەی گفتوگۆ و دانوستانی جدی بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباغ، هەروەك دیلەكان دەگۆڕنەوە و تەرمی كوژراوەكانیش بۆ یەكتری دەنێرنەوە، ئەو هەنگاوەش لەژێر چاودێری لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی دەبێت.
لە 27ی مانگی رابردوەوە شەڕ و پێكدادان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەرپا بوە و دیدارەكەی دوێنێی مۆسكۆش یەكەم پەیوەندی دیپلۆماسیی نێوان هەردوو وڵات بوە، كە بە 10 كاتژمێر توانییان بگەنە بڕیاری راگرتنی شەڕ.
هەرچەندە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی سەربە ئازەربایجانە، بەڵام لەلایەن زۆرینەی ئەرمەنییەوە بەڕێوەدەبرێت و پەیوەندی لەگەڵ باكۆدا نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group