منداڵێك بەهۆی كۆرۆناوە شەش رۆژ لە بێهۆشیدا دەبێت

27/10/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
لە حاڵەتێكی نوێی دەرهاویشتەكانی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ بۆ ماوەی شەش رۆژ بێهۆش دەبێت.
ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری خراپ و جۆراوجۆری لەسەر تەمەن و رەگەزە جیاوازەكان هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، منداڵێكی تەمەن چوار ساڵان بەناوی كایس بۆ ماوەی شەش رۆژ لە نەخۆشخانەیەكی بەلجیكا بە بێهۆشی دەمێنێتەوە و دایك و باوكیشی داوا لە هەموولایەك دەكەن ئاگاداری خۆیان و منداڵەكانیان بن و لە ڤایرۆسەكە بیانپارێزن.
گریگۆری چودی باوكی كوڕە منداڵەكە دەڵێت "نەمزانی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە كاتێك پلەی گەرمی جەستەی كوڕەكەی زۆر بەرزبۆتەوە".
ئەوەشی رونكردوەتەوە، لە سەرەتادا پزیشكەكان ئامۆژگارییان كردون منداڵەكەیان لە ماڵەوە بهێڵنەوە، بەڵام دواتر رەوشی تەندروستیی خراپ دەبێت و پەڵەی سەیر لەسەر جەستەی دەركەوتوە. پاش پشكنین دەزانن توشی پەتای كۆرۆنا بوە.
هەرچەندە زیاتر وا باوە كۆرۆنا كاریگەری لەسەر كەسانی بە تەمەن هەیە، بەڵام باوكی ئەو منداڵە دەڵێت "زەحمەتە منداڵەكەت لەو دۆخەدا ببینیت، بۆیە پێویستە منداڵانیش بپارێزرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group