بەرپرسێكی تەندروستیی عیراق: دوو مانگی داهاتوو توشبون هەڵدەكشێت، بەڵام وەك ئەوروپا نابێت

29/10/2020 عێراق

نەوا
بەرپرسێكی تەندروستیی عیراق لەگەڵ ئەوەی هۆشداری لەبارەی دۆخی كۆرۆنا دەدات لە دوو مانگی داهاتوودا، بەڵام دوپاتیدەكاتەوە، دۆخی عیراق وەك وڵاتانی ئەوروپا نابێت.
ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، پێشبینی دەكرێت لە دوو مانگی داهاتودا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق روو لە هەڵكشان بكات، بەڵام بەو رێژەیەی وڵاتانی ئەوروپا نا.
ئەو بەرپرسەی تەندروستیی عیراق رەخنەی ئەوەشی گرت، كە بەشێكی زۆری هەڵكشانی ژمارەكان پەیوەستە بە پابەندنەبونی كۆمەڵگە بەرێكارەكانی خۆپارێزی، كە بەوتەی خۆی، لە رابردودا رێژەی پابەندبونی هاوڵاتیان بەو رێكارانە گەیشتە 60٪، بەڵام ئێستا رێژەكە 5٪ تێپەڕ ناكات، "ئەوەش مەترسیدارە".
رونیشیكردوەتەوە، بەهۆی بەكارهێنانی چارەسەرەكانەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردوە بەراورد بە مانگەكانی 4 و 5ـی ئەمساڵ، دەڵێت،  لە زۆرێك لە وڵاتانی دیكەش بە هەمان شێوەیە، چونكە لە ئێستادا جیهان دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پەتایەدا بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group