ترامپ: دەبێت دەستبەجێ هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەكان بوەستێندرێت

30/10/2020 جیهان

نەوا
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، پاڵپشتی فەڕەنسای هاوپەیمانیان دەكەن و دەبێت دەستبەجێ ئەو هێرشە تیرۆریستیانە بوەستێنرێن.
دۆناڵد ترامپ لە تویتێكدا، كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە، رایگەیاندووە، "دڵمان لای خەڵكی فەڕەنسایە، ئەمریكا لەگەڵ كۆنترین هاوپەیمانیدا لەم شەڕەدا وەستاوە".
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا جەختیشدەكاتەوە، "دەبێت دەستبەجێ هێرشەكانی ئیسلامییە توندڕەوەكان بوەستێندرێت"، دووپاتیشیدەكاتەوە، نە فەڕەنسا و نە هیچ وڵاتێكی تر ناتوانێت لەگەڵ ئەم هێرشانەدا هەڵبكات.
ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ لەكاتێكدایە رۆژی پێنجشەممە 29ی تشرینی یەكەمی 2020 لە شاری نیسی فەرەنسا، لە هێرشێكدا كە بە چەقۆ كرایە سەر كۆمەڵێك هاوڵاتی، سێ كەس كوژران و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون، دواتر ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، هێرشەكە لە لایەن توندڕەوێكی ئیسلامیەوە ئەنجامدراوە و جەختیشی كردەوە، كە وڵاتەكەی چۆك بۆ تیرۆر دانادات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group