زانكۆی ئۆكسفۆردیش سەركەوتنی ڤاكسینەكەی راگەیاند

23/11/2020 هەمەڕەنگ
نەوا
زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی ئاشكرایكرد، رێژەی كاریگەریی ڤاكسینەكەیان لەسەر توشبوانی كۆرۆنا دەگاتە 90٪، بۆیە زانكۆكە چاوەڕێی پرۆسەی دانپێدانان و پێدانی مۆڵەتە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی.
زانكۆی ئۆكسفۆرد لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە قۆناغی سێیەمدا تاقیكردنەوەیان لەسەر 20 هەزار خۆبەخشكردووە، كە نیوەیان لە بەریتانیا و نیوەی دیكەیان لە بەڕازیل بوون، كاتێك دوو ژەمە ڤاكسینی گەورەیان داوەتە  خۆبەخشەكان، رێژەی كاریگەریی ڤاكسینەكە لە 62٪ بۆ 70٪ بووە، بەڵام كاتێك ژەمێكی بچوك و یەكێكی گەورەیان پێداون، كاریگەریی ڤاكسینەكە تاوەكو 90٪ رۆیشتوە.
بۆیە بەرپرسانی زانكۆكە دڵخۆشن بە ئەنجامەكان، دەڵێن، جیهان هەنگاوێكی دیكە نزیكبوەتەوە لە كۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەم وێرانكارییەی دروستیكردووە
بەریتانیا 100 ملیۆن ژەم ڤاكسینی ئۆكسفۆردی دەوێت، كە بەشی 50 ملیۆن كەس دەكات، بەلام جارێكە دەست بە هەڵمەتی كۆتان ناكرێت، تا ئەو كاتەی دان بە ڤاكسینەكەدا دەنرێت و مۆڵەتی پێدەدرێت، بۆیە زانكۆی ئۆكسفۆرد دوپاتیكردوەتەوە، پڕۆسەی پێدانی مۆڵەت بەمزوانە بەڕێوەدەچێت و دواتر دەست بە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group