لە پەرلەمانی عیراق واژۆ بۆ میوانداریكردنی مەسرور بارزانی كۆكراوەتەوە

24/11/2020 عێراق

نەوا
لە پەرلەمانی عیراق هەوڵێك هەیە بۆ میوانداریكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو بارەیەوە واژۆ كۆكراوەتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق هەوڵەكە بە نادەستوری ناودەبات.
عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق داواكارییەكی پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردوە و 100 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر كردووە، تێیدا داوای میوانداریكردنی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، وەزیری نەوتی عێراق و هەروەها بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ دەكات، بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان تایبەت بە نەوت.
لە داواكارییەكەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە ماددەی 61ی دەستور و بەهۆی گومانكردن لە نەوتی هەناردەكراوی هەرێم، هەروەها نەگەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بڕە رادەستكراوەكان، بەهۆی ناڕونیی لە دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ چەند گرێبەستێكی هاوبەشیی بەرهەمهێنان لە نێوان هەرێم و چەند كۆمپانیایەك، داوای ئەو میواندارییە كراوە.
لای خۆیەوە ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هەوڵی میوانداریكردنی مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی عیراقەوە بە هەوڵێكی نادەستوری وەسفدەكات، دەڵێت، حكومەتی هەرێم بەرانبەر بە پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە، نەك پەرلەمانی عیراق، بۆیە تەنها لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستاندایە ئەو كارە بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group