وەزیری نەوتی عیراق: هەرێم نەوتەكەی بە هەرزانتر دەفرۆشێت

15/01/2021 عێراق

نەوا
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێم نەوت بە‌ 10 دۆلار كەمتر لە بەهای خۆی دەفرۆشێت ئەمەش زیان بە ئابوری وڵاتەكە دەگەیەنێت.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پێشبینی بەرزبونەوەی نرخی نەوت  كاریگەری لەسەر كەمبوەنەوەی كورتهێنانی بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق دەبێت.
باسی لەوەشكرد، بەرزبونەوەی نرخی نەوت هانمان دەدات بۆ ئەوەی كار لەسەر بڕگەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگاكان بكەین و پابەندبین بە ئەنجامدانی ئەو برگەیە بەتایبەت بۆ پارێزگای بەسرە.
لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، وەزیری نەوتی عێراق وتی، "نەوتی هەرێمی كوردستان بە 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێت لە نرخی ستانداردی جیهانی ئەمەش زیانی زۆر بە ئابوری وڵات دەگەیەنێت".
بەرپرسانی هەرێم هۆكاری بە هەرزانتر فرۆشتنی نەوت بۆ جۆری نەوتی كوردستان و كێشەكانی هەرێم و بەغدا دەگێڕنەوە، كە بە هۆیەوە هەموو كۆمپانیایەك ئامادە نییە نەوتە بكرێت، بۆیە بە نرخی كەمتر لە ستانداردی جیهانی دەیفرۆشن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group