نەتەوەیەكگرتوەكان: پەتای توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبۆتەوە

07/03/2021 جیهان

نەوا-
ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان داوایكرد، ئەو سیاسەتانە بگۆڕدرێن كە توانای ئافرەتان بۆ بەدەستهێنانی پلەوپایە و بڕیاردان سنوردار دەكەن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەوتارێكدا كە بەبۆنەی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە بڵاویكردەوە رایگەیاند، پەتای كۆرۆناش قەیرانێكی دیكەیە بەڕوی ئافرەتان كە هەر لەبنەڕەتدا بەدەست نایەكسانیەكی قوڵەوە دەناڵێنن و ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو پێشكەوتنەی لەماوەی ساڵانی رابردودا بۆ بەدیهێنانی یەكسانی لەنێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ‌ بەدیهاتون.
ئاشكراشی كرد، بەهۆی كۆرۆناوە ئافرەتان بەڕێژەی 24% روبەڕوی لەدەستدانی كارەكانیان دەبنەوە و جیاوازیەكی بەرچاو لە كرێی نێوان ئافرەتان و پیاوان هەیە بەتایبەتی ئەو جیاوازییەی لەكەرتی تەندروستیدا بەدیدەكرێت و لەكاتی رۆماڵكردنی پەتاكەش لەنێو پێنچ كەس لەكەرتی تەندروستیدا تەنها یەك ئافرەتی شارەزا هەبون كەپشتیان پێببەسترێت. 
ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەوتارەكەیدا رونیكردەوە، لەسەردەمی پەتای كۆرۆنادا بەهەمان شێوە پەتای توندوتیژیش دژ بە ژنان لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبۆتەوە لەگەڵ بەرزبونەوەی رێژەی توندوتیژی لەنێو ماڵەكاندا و بازرگانیكردن بەسێكس و هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵان و جیهان پێویستی بەهەڵسانەوەیەكی نوێیە بەسەركردایەتی ئافرەتان و ئەمەش سودی بۆ هەموان دەبێت.
وتیشی، ئافرەتانی جیهان لەسەر ئاستی وڵاتاندا تەنها چارەكێكیان دەسەڵاتیان پێدراوەو تەنها پێنچ وەزیری ئافرەت لەحكومەتەكانی جیهاندا بەدیدەكرێت و ئەگەر بەمجۆرەبێت یەكسانبونی نێوان پیاو و ئافرەت پێویستی بەیەك سەدەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group