زیدان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی داوای 3 یاریزان دەكات

13/04/2021 وەرزش

نەوا-
بەپێی راپۆرتە ئیسپانیەكان، زینەدین زیدان راهێنەری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی داوای لە ئیدارەی یانەكەی كردوە گرێبەست لەگەڵ 3 یاریزاندا بكەن، ئەوەش پێش نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
رۆژنامەی Diario Gol  بڵاویكردوەتەوە: زیدان داوای كردوە كە چەند گرێبەستێك ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەو سەركەوتنانە دێت كە لەماوەی دواییدا بەدەستی هێناوە بەتایبەتی بەسەر لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانی.
رۆژنامەكە جەختیلەوەشكردوەتەوە: بەهۆی ئەو سەركەوتنانەوە زیدان لە بارودۆخێكی باشدایە لەگەڵ یانەكەی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكانیش هەیە لەگەڵ فلۆرەنتینۆ پێرێسی سەرۆكی یانەكە.
سەبارەت بەو یاریزانانەی زیدان داوای كردوە ئاشكرا كراوە: هەریەكە لە "جیۆلیس كۆندی" فەرەنسی و یاریزانی یانەی ئیشبیلیە، "ئیدواردۆ كامافینگا"ی فەرەنسی و یاریزانی یانەی رین و "كیلیان مباپێ‌" بەهەمان شێوە فەرەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانن، یاخود ئێرلینگ هالاند یاریزانی یانەی بروسیا دۆرتمۆند.
رۆژنامەكە پێشی وایە: ئەو داواكاریانە گرنگن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی زیدان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە یەكێتی تۆپی پێی فەرەنسا داوای لێدەكات پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە بگرێتە دەست، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی یانەی یۆڤانتۆس دەیەوێت بیكاتە شوێنگرەوەی ئەندریا پیرلۆی راهێنەری ئێستا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group