رۆژنامەیەكی روسی: ئەمریكا دژی ئەوەیە عێراق سیستمی بەرگری و فڕۆكەی روسی بكڕێت

10/06/2021 عێراق

نەوا-
رۆژنامەیەكی روسی ئاشكرایدەكات، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە عێراق سیستمی بەرگری S-400  و فڕۆكەی سوخو – 57ی رووسی بكڕێت و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رێگریكردن لەو كارە.
رۆژنامەی "كۆسۆكۆڤسكی كۆمسۆمۆلیتس"ی روسی بڵاویكردووەتەوە، لەدوای هەریەكە لە چین و هندستان و توركیا، عێراق دەتوانێت سیستمی بەرگری موشەكی "ئێس – 400" و فڕۆكەی جۆری "سوخو – 57" كە نوێترین جۆریەتی لە روسیا بكڕێت، بەڵام ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی ئەو گرێبەستەیە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ شكستپێهێنانی.
رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، نۆرمان ریكلفس راوێژكاری پێشووی وەزیری ناوخۆی عێراق بە ماڵپەڕی "دیفێنس نیوز"ی وتووە، ئاشكرایە كە "ئێس – 400" هێڵی سورە لای ئەمریكا، پێشتریش بەهۆی كڕینیەوە سزای بەسەر هاوپەیمانەكەی لە ناتۆ كە توركیایە سەپاندووە.
مانگی ئابی پێشوو ئەوە ئاشكرا كرا كە عێراق دەیەوێت سیستمی بەرگری موشەكی "ئێس – 400"ی رووسی بكڕێت بەڵام ئەوە ناڕەزایی ئەمریكای لێكەوتەوە، شارەزایەكی ئەمنیش دەڵێت، عێراق پێویستی بەو سیستمە و ئەو جۆرە فڕۆكەیە نییە بەتایبەتی كە ئێستا كێشەی دارایی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەكی روسی لە ئەمریكی هەرزانترە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕیاردان لە بەرژەوەندی چەكە روسیەكان بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group