وەزارەتی ناوخۆ راگەیەنراوێکی لە بارەی دەستگیری سێ ئەندامی پەیەدە بڵاوکردەوە

10/06/2021

نەوا
دوای ئەوەی سێ ئەندامی پەیەدە لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکران، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو کەسانەی بە تێکدانی سەقامگیری هەرێم تۆمەتبارکرد.

 لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە " پەکەکە بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی". 
وەزارەتی ناوخۆ لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردوە: " لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی وهەولێری پایتەخت هێڵی سوورە ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت. داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن".
پێشتر پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایانگەیاندبوو، سێ ئەندامیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکران ئەوەش دوای ئەوەی سەرقاڵی پێشوازیکردن بوون لە چەند میوانێکیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group