سەرۆك كۆماری تونس پەرلەمانی هەڵپەسارد و سەرۆك وەزیرانی دورخستەوە

26/07/2021 جیهان

نەوا-
سەرۆك كۆماری تونس دوابەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لە دژی دۆخی دارایی و تەندروستی، پەرلەمانی هەڵپەسارد و سەرۆك وەزیرانی لادا و خۆی دەسەڵاتی جێبەجێكاری گرتە دەست.
قەیس سەعید، سەرۆك كۆماری تونس دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەكان و فەرماندە باڵاكانی و ئەركانی سوپا وتارێك پێشكەش دەكات و تیادا رایگەیاند، "بەھۆی ئەو دۆخە نائاساییەی كە وڵاتەكەی تێیدایە"، سەرجەم دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی سڕ كردووە و پارێزبەندیی پەرلەمانتارانی ھەڵپەساردووە.
راشیگەیاند، ھیشام مەشیشیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای لە كارەكەی دوورخستووەتەوە و كار لەگەل سەرۆكوەزیرانێك دەكات كە خۆی دایدەمەزرێنێت.
ماوەی چەند رۆژێكە خۆپیشاندانی فراوان لە دژی حزبی دەسەڵاتدار و پەرلەمانی تونس بەڕێوەدەچێت و هاوڵاتیان ناڕەزایەتیان لە دۆخی دارایی و مامەڵەی حكومەت لەگەڵ پرسی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا هەیە.
ژمارەی دانیشتوانی تونس نزیكەی 12 ملیۆن كەسە، بەڵام بە هۆی كۆرۆناوە زیاتر لە 18 هەزار كەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group